بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی حەسەن کاکایی هونەرمەندی کورد پاش وتنەوەی سروودی حەماسی لە ڕێوڕەسمی نەورۆز

21:36 - 5 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوەی١٤٠٣، حەسەن کاکایی هونەرمەندی کوردی خەڵکی بۆکان پاش وتنەوەی سروودی حەماسیی "ئەی وەتەن"، لە ڕێوڕەسمی نەورۆزیی گوندی "ئاڵیکەند"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم هونەرمەندەیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم هونەرمەندە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێی دراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: حەسەن کاکایی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگە ئازاد کراوە.

ڕۆژی هەینی ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، ئەم هونەرمەندە بە بەشداری لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی "ئاڵیکەند" سەر بە شاری بۆکان سروودی حەماسیی "ئەی وەتەن"ی وتووەتەوە و ڤیدیۆکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە.