بێسەروشوێنکردنی تەرمی مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کوردی لەسێدارەدراو پاش تێپەڕبوونی یەک ساڵ لە لەسێدارەدرانی

22:35 - 26 رەشەمه 2723

دوای تێپەڕبوونی یەک ساڵ لە لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆ، تەرمەکەی هەروا بێسەروشوێنە و بنەماڵەکەی تاکوو ئێستاش هیچ زانیاریەکیان لەمەڕ شوێنی ناشتنەکەی نییە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەمەی ١٤٠١، مەحیەدین ئیبراهیمی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ پاش ٦ ساڵ بەندکران و سەرەڕای هەڵوەشانەوەی سزاکەی لە دیوانی باڵای وڵاتدا، لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا. مەحیەدین ئیبراهیمی ١٢ی خەزەڵوەری ٩٦ دوابەدوای تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار و دەسبەسەر کرابوو و چەندین مانگ لە لە ژووری تاکەکەسیدا ئەشکەنجە درابوو و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی بەندکرانیدا لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگیرابوو و لە کاتی هەڵوەشانەوەی سزاکەشیدا مافی هیچ چەشنە مورەخەسییەکی پێ نەدرابوو.

لە بەڵگەی کۆچی دوایی مەحیەدین ئیبراهیمیدا کە لە ڕۆژی ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ دەر کراوە، هۆکاری مەرگی ئەم بەندکراوە سیاسییە "سزای یاسایی" ڕاگەیەندراوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کورد ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی ڕەشەمە بەمەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندانیی ورمێ ڕاگوێزرا و ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕەشەمە بۆ ئاخرین جار پێش لە جێبەجێبوونی سزای لەسێدارەدرانەکەی چاوی بە بنەماڵەکەی کەوت.

مەحیەدین ئیبراهیمی دوو جار لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە ئێعدام کرابوو و پاش ئەوەی کە بۆ جاری یەکەم حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە، جاری دووهەم حوکمەکەی لە دیوانی بالای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە و داخوازیی ناوبراو بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارەش ڕەت کرایەوە.

دەسبەسەرکرانی مەحیەدین ئیبراهیمی بە برینداری؛

مەحیەدین ئیبراهیمی ١٢ی خەزەڵوەری ٩٦ دوابەدوای تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار بوو و دەسبەسەر کرا. ناوبراو پاش برینداربوون بۆ نەخۆشخانەیەک لە ورمێ گوازراوەتەوە بەڵام بە بێ تەواوبوونی پرۆسەی چارەسەری و پاش دو ڕۆژ، بەمەبەستی لێپرسینەوە گوازراوەتەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای سەیدوشوهەدای ورمێ. مەحیەدین ئیبراهیمی ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسیی ئەم گرتنگەیەدا لەژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بووە.

دەرکردنی سزای لەسێدارەدران دژی مەحیەدین ئیبراهیمی پاش ١٥ مانگ دەسبەسەرکران بە بێ مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر؛

مەحیەدین ئیبراهیمی ٢٩ی گەلاوێژی ٩٧، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی شێخلوو"، بە بێ مافی هەبوونی پارێزەر بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا و ڕۆژی یەکی ڕەزبەری ٩٧ حوکمی لەسێدارەدران بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرا.

ڕەتکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی لە دیوانی باڵای وڵات بۆ جاری یەکەم؛

مەحیەدین ئیبراهیمی پاش ئەوەی کە بۆ یەکەم جار لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی شێخلوو"، بە بێ مافی هەبوونی پارێزەر بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا لە رەشەمەی ساڵی ١٣٩٧دا لە دیوانی بالای وڵات ڕەت کرایەوە و دۆسییەکەی بە مەبەستی پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ کرا.

سزای لەسێداردرانی مەحیەدین ئیبراهیمی پاش ڕەتکرانەوەی لە دیوانی باڵای وڵات بۆ جاری یەکەم، بۆ جاری دووهەم وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە؛

خەرمانانی ٩٩، حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی، زیندانیی سیاسیی کورد لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە و دواتر نێردرایە دادگای شوێنی ژیانی ناوبراو.

ئەم زیندانییە سیاسییە جاری دووهەم و پاش ئەوەیکە یەکەم جار دۆسییەکەی لە دیوانی باڵای وڵاتدا ڕەت کرایەوە و بۆ بەدواداچوونی دووبارە نێردرایە لقی هاوتەریب، لە ڕێکەوتی ٢٤ی بەفرانباری ١٣٩٨ لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو و عەلیڕەزا ئاقازادە بە تۆمەتی "بەغی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە لەسێدارەدران مەحکووم کرا. ناوبراو هەروەها بە تۆمەتی قاچاخی خواردنەوە ئەلکولییەکان بە پێدانی ٧ میلیارد تمەن پارەی نەخت و ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و لە دادگادا تەنیا ئەم تۆمەتەی قەبووڵ کردبوو و بەرگریی پارێزەرەکەشی بە ناوی فەتحوڵڵا شەربەتی هەر لەم ڕاستایەدا بووە.

ڕەتکرانەوەی داوای پێڕاگەیشتنی حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی؛

پاش ئەوەیکە جاری دووهەم حوکمی لەسێدارەدرانی مەحیەدین ئیبراهیمی لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە، پارێزەرەکانی ناوبراو لەوانە عەلی عەلیزادە داوای پێداچوونەوەی دووبارەی دۆسییەکەی ناوبراویان کرد کە ڕەت کرایەوە.

مەحیەدین ئیبراهیمی؛

مەحیەدین مەلا گردکشانە، ناسراو بە مەحیەدین ئیبراهیمی، کوڕی محەممەد و خەڵکی شنۆیە، ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ساڵی ١٣٩٨دا بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران" دەسبەسەر و پاش تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی لە بەندیخانەی ورمێ ئازاد کرا.

دەسبەسەر کرانی فەخرەدین ئیبراهیمی، کوڕی مەحیەدین ئیبراهیمی، پیش لەسێدارەدانی باوکی؛

فەخرەدین ئیبراهیمی ڕۆژی ٥شەممە، ٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠١ ڕۆژێک پێش لەسێدارەدرانی باوکی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕۆژی هەینی ٢٦ی ڕەشەمە بە کەفالەت ئازاد کرا.

فەخرەدین ئیبراهیمی ڕۆژی ٧ی خاکەلێوە بە تۆمەتی "شکاندنی دەرگای پاسەوانیی دادگای پێداچوونەوە"  بانگهێشتی لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ کرابوو. ڕۆژی دووشەممە ١٤ی خاکەلێوە، فەخرەدین ئیبراهیمی پاش ڕۆیشتن بۆ لقی ٩ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بەمبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرا. ناوبراو ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ١١٣ی دادگای کەیفەری ٢ی بەهەشتیی ورمێوە بە سێ ساڵ بەندکران بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پیشوو سزا درا.

دادگا ئەم حوکمەی بە تۆمەتی "شکاندنی دەرگای پاسەوانیی دادگای پێداچوونەوە" و بە پشتبەستن بە ماددەی ٦٨٧ی یاسای سزای ئیسلامی، پەسەندکراوی ١٣٧٥، بەشی تەعزیرات بۆ فەخرەدین ئیبراهیمی دەر کردووە و بە پشتبەستن بە ماددەکانی  ٤٦، ٤٨، ٥١، ٥٢ و ٥٤ یاسای سزای ئیسلامی پەسەندکراوی ١٣٩٢ ئەو حوکمەی بۆ ماوەی یەکساڵ هەڵپەساردووە.

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە