مەهاباد؛ دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەک لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

23:08 - 21 رێبەندان 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سۆران پاچیدە"، کوڕی محەممەد، خەڵکی گوندی "قەباغکەندی"، سەر بە شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٣١ ساڵەیان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام بووە.

تا کاتی بڵاوبووەنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سۆران پاچیدە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.