کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ٢٠٢٣دا سزای لەسێدارەدرانی ٧٩٩ کەسی جێبەجێ کردووە

00:52 - 18 بەفرانبار 2723

ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، لە ڕاپۆرتێکی ئاماریدا، پەرژاوەتە سەر جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدران لە ساڵی ٢٠٢٣، لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.

ئاماژەیەکی گشتی؛

جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدران لە ساڵی ٢٠٢٣دا، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٢، ٣١ لەسەد بەرزبوونەوەی بووە.

جیبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییانی سیاسی لە سەرتاسەری ئێراندا، ٦٨ لەسەد بەرز بووەتەوە.

جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییانی سیاسیی کوردیش، ٧١ لەسەد بەرز بووەتەوە.

جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانی زیندانییانی سیاسیی بەلووچ ٤٠ لەسەد بەرز بووەتەوە.

هەروەها؛

زیاتر لە ٨٨ لەسەدی لەسێدارەدرانەکان لەلایەن میدیاکان و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ڕانەگەیەندراون.

زیاتر لە ٦٢ لەسەدی لەسێدارەدرانەکان لە گرووپەکانی دوو تا ١٠ کەسی لە ڕۆژێکدا و لە زیندانێکی دیاریکراودا جێبەجێ کراون.

ئاماژەیەک بە وردەکاریی لەسێدارەدرانەکان؛

٧٧٩ حاڵەتی سزای لەسێدارەدران لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە جێبەجێ کراوە.

لەم نێوانەدا ١٦٧ کەس بەلووچ، ١١١ کەس کورد، ٢٣ کەس ئەفغانستانی، ٢ کەس عەرەب، ٢ کەس تورک و ٢ کەس تورکمەن بوون.

٢ کەس لە لەسێدارەدراوان منداڵ بوون. (لەسێدارەدرانی حەمیدڕەزا ئازەری بە تۆمەتی کوشتن لە زیندانی سەبزوار، لەسێدارەدرانی عادڵ دامەنی(بەلووچ) بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە زیندانی چابەهار). لەسێدارەدرانی ٢ کەس کە بە ئەگەری زۆرەوە منداڵ بوون. (لەسێدارەدرانی عەلی نەجەفی بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە زیندانی خوڕماوا و لەسێدارەدرانی حەمید بەخشایش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە زیندانی قزڵحسار)، لەسێدارەدرانی ٤ کەس لە بەرچاوی خەڵکەوە بووە و (زیندانییەک لە پارکی ساحلیی دەیلەم بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست، محەممەد قائدی نەسەب و سادق مەحموودی برام بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە فولادشەهر، لەسێدارەدرانی زیندانییەک بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە نەجەف ئاباد)

١٨ کەس لە لەسێدارەدراون ژن بوون.

تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی لەسێدارەدراوان:

زیندانیی سیاسی، ١٩ حاڵەت (ئارش (سەرکەوت) ئەحمەدی (کورد) بە تۆمەتی کوشتن، مەحیەدین ئیبراهیمی (کورد) بە تۆمەتی بەغی، حەبیب فەرەجوڵڵا چەعەب (حەبیب ئەسیوەد) (عەرەب)، مەجید کازمی، سەعید یەعقووبی، ساڵح میرهاشمی و میلاد زەهرەوەند لە خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان ئازادی، هێمن مستەفایی(کورد)، گێداعەلی(هورموز) سابرموتڵەق، کامران ڕەزایی خۆپیشاندەری ١٣٩٨، موحسن سەراوانی (بەلووچ)، ڕەحمان پەرهازوو (کورد)، نەسیم نەمازی (تورک)،مەیسەم چەندانی (بەلووچ)، محەممەد بەراهوویی ئەنجومەنی(بەلووچ)، محەممەدکەریم بارکەزایی ئاکسون(بەلووچ) و ئیدریس بیلرانی(بەلووچ)

زیندانیی عەقیدەتی: ٣ حاڵەت (قاسم ئابستە، ئەیووب کەریمی و داوود عەبدوڵڵاهی کە هەر سێکیان کورد بوون و بە تۆمەتی موحاربە لە سێدارە دران).

تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر: ٤١٨ حاڵەت

کوشتن: ٢٤٧ حاڵەت

دەستدرێژی سێکسی: ٢٧ حاڵەت

موحاربە و افساد فی الارض: ٥ حاڵەت

افساد فی الارض: ٥ حاڵەت

موحاربە لە ڕێگەی دزیکردنی چەکدارانە: ٤ حاڵەت

موحاربە و کوشتنی بەئەنقەست: ٣ حاڵەت

موحاربە: ٤ حاڵەت

زنای کەسی خێزاندار: ١ حاڵەت

قاچاخی ئینسان: ١ حاڵەت

نادیار: ٧ حاڵەت

_ ناو و زانیارییەکانی ئەم ئامارە، لای کوردپا تۆمار کراوە.

ئامادەکردن: ئەوین مستەفازادە