ڕۆژی شەممە ٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، مۆنا دەباغ، ژنە لاوی کورد و مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە سنە، بۆ جێبەجێکردنی سزای ۳ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی داسەپاو کە لە مانگەکانی ڕابردوودا بە تۆمەتی ئەمنی لە دادگای ئینقلاب لە دژی دەرچووبوو، ڕەوانەی ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە) گواسترایەوە.
ئەم مامۆستایەی زمانی ئینگلیزی بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی ئینستاگرامەکەی نووسیویەتی: «ئەمڕۆ مۆڵەتی دە ڕۆژە کە دادگا بۆ ناساندنی خۆم بۆ جێبەجێکردنی سزاکان دیاریی کردبوو کۆتایی دێت و من دەچمە بەندیخانەی ژنانی سنە. داواکاریی جێبەجێکردنی مادەی ٤٧٧یش هیچ ئەنجامێکی نەبوو.»
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاندووە: «بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی لە ڕاستای بەهێزکردنی ڕێژیمی سەهیۆنیستی" بە سێ ساڵ و شش مانگ بەندکرانی داسەپاو و بە تۆمەتی "ڕێکلام و کۆبوونەوە دژی نیزام" بە ساڵێک بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کراوم. کۆی گشتیی سزاکانی دەرچوو چوار ساڵ و شش مانگە، بەڵام بەهۆی فرەیی تاوانەوە، بەپێی سزاکە، زۆرترین سزا کە سێ ساڵ و شش مانگ بەدنکرانە جێبەجێ دەکرێت.»
مونا دەباغ بە ئاماژەدان بە کچە چوار ساڵانەکەی نووسیویەتی: «ئەمڕۆ دەبێت کچە چوار ساڵانەکەم و جگەرگۆشەکەم بسپێرمە دەستی ژیان و بە پێی خۆم بەرەو بەندیخانە بڕۆم. دەبێت لە ئامێزە بچووکەکەی دابڕێم و ڕۆژانێک دوور لە پێکەنین، یاری و هەناسەکانی بەسەر بەرم. من دەچمە زیندان، بەڵام دڵم و سەرجەم بوونم، هەر ساتێک و هەموو هەناسەیەکم لای کچەکەم دەمێنێتەوە.»
ئەم مامۆستایەی زمانی ئینگلیزی لە ڕێکەوتی ۹ی گوڵانی ١٤٠٥ بەبێ بڕیاری دادوەر و بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لە شوێنی کارەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە گواسترایەوە و ۱۲ ڕۆژ دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
دوای پێکهێنانی دانیشتنێکی دادگا و دەرچوونی سزای سەرەتایی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سنەوە، دۆسییەی مۆنا دەباغ ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوە کرا و ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، لقی چوارەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە لەسەر تۆمەتی «چالاکی تەبلیغی لە ڕاستای بەهێزکردنی ڕێژیمی سەهیۆنیستی» بە ۳ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی داسەپاو و لەسەر تۆمەتی «چالاکی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران» بە ساڵێک بەندکرانی داسەپاو مەحکوومی کرد و قورسترین سزای بەسەردا جێبەجێ کرد.
ئەم مامۆستایەی زمانی ئینگلیزی دوای دەرچوونی سزای دادگای پێداچوونەوە جەختی کردەوە: «من ئەم بڕیارەم قەبووڵ نەکردووە و بڕیارە لە ڕێگەی دیوانی باڵای وڵاتەوە بەدواداچوونی بۆ بکەم.»




