۳۰ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «محەممەد لوتفی»، مێردمنداڵی ١٧ ساڵەی کوردی خەڵکی بانە، هەتا ئێستاش هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ڕۆژی سێشەممە ۲۸ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، «محەممەد لوتفی» بە هێرشی هێزە ئەمنییە جل مەدەنییەکان بۆ سەر شوێنی کارەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا و بەدواداچوونی کەسوکاری، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.
محەمەد لوتفی، مێردمنداڵی ١٧ ساڵە، بە ڕەچەڵەک خەڵکی سەقزە و لە ساڵانی ڕابردوودا لە بانە نیشتەجێ بوون. ئەو لە دووکانێکدا سەرقاڵی کارکردن بووە و هەلی خوێندنی بۆ نەڕەخسابوو.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم مێردمنداڵە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. هەروەها ناوبراو لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.





