۱ی خەزەڵوەری ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ۲۵ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «ئەمیر پەرویززادە»، لاوی خەڵکی شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام، ناوبراو هێشتا بە چارەنووسی ناروونەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامدا ڕاگیراوە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها ئازادیی کاتی بێبەش کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ «ئەمیر پەرویززادە» ڕۆژی ۷ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە لە شاری بەدرە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ناوبراو دوای حەفتەیەک دەسبەسەرکردن و لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپا لەو شارۆچکەیە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گوازراوەتەوە. ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند کە ئەمیر پەرویززادە لە کاتی لێپرسینەوەدا ڕووبەڕووی گوشار و ئەشکەنجە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ بووەتەوە.
هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە کوردەدا، بەبێ پێدانی بەڵگەی یاسایی، کەرەستە کەسییەکانی، لەوانە مۆبایلەکەیان بردووە؛ کەرەستەگەلێک کە هێشتا لە لای ئەم هێزانەدا ماونەتەوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی ۲۵ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی «ئەمیر پەرویززادە»، هۆکاری دەسبەسەرکردنی ڕوون نەکراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و ئێستاش لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامدا، بەبێ دیاریکردنی چارەنووسی لەبواری دادوەری و بێبەش لە ئازادیی کاتی، ڕاگیراوە.





