۳ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و توندوتیژانەی «موبین ماهیگیر»، لاوی خەڵکی شاری سەراوڵە سەر بە شاری چەرداوڵ لە پارێزگای ئیلام، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بێبەش کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند کە «موبین ماهیگیر» ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی ڕەزبەری ١٤٠٥، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوازێکی توندوتیژانە و هاوڕێ لەگەڵ لێدان و توندوتیژی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە لە شاری سەراوڵە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی ناڕوون گواستراوەتەوە. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمباریەوە نەداوە. هەروەها، موبین ماهیگیر لە ماوەی پێنج ڕۆژ دەسبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بێبەش بووە. هەتا ئێستا بەدواداچوونی کەسوکاری ناوبراو بۆ ئاگاداربوونەوە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی، بێئاکام بووە.





