۳ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ بە تێپەڕبوونی شەش ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ئەحمەد نەجەفنیا، لاوی کوردی خەڵکی شاری لومار سەر بە شاری سیروان لە پارێزگای ئیلام، دەسەڵاتداران هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی نەداوە. ناوبراو لەم ماوەیەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بێبەش کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند کە ئەحمەد نەجەفنیا ڕۆژی سێشەممە ۲۸ی ڕەزبەری ١٤٠٥، لە شوێنی کارەکەی لە شاری لومار، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوازێکی توندوتیژانە و هاوڕێ لەگەڵ لێدان و توندوتیژی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی ناڕوون گواستراوەتەوە.
ئەم لاوە کوردە لە کارگەی سپیکردنەوەی برنج لە شاری لومار کاری دەکرد و لە کاتی ئامادەبوونی لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کراوە.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی «ئەحمەد نەجەفنیا» ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمباریەوە نەداوە. هەروەها، بەدواداچوونی کەسوکاری ناوبراو بۆ ئاگاداربوونەوە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی، بێئاکام بووە. ئەحمەد نەجەفنیا لە ماوەی ٦ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەیدا، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بێبەش بووە.





