ورمێ؛ مەنسوور سڵامەت لە ئاکامی ٩ کاتژمێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەتییەکان لە گرتنگەی "نۆ پلە" گیانی لەدەست دا

14:59 - 8 بەفرانبار 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مەنسوور سڵامەت"، کوڕی مەحکووم و خەڵکی گوندی "پێسان"، سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، چەند کاتژمێر دوای دەسبەسەرکران، لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئەم شارە گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ مەنسوور سڵامەت کاتژمێر ١٠ی بەیانی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە بە تۆمەتی "ڕاگرتنی چەکی ڕاو"، دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئەمنییەتیی "نۆ پلە" ڕاگوێزرا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ٩ کاتژمێر، ‌هێزە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە هەواڵی مەرگی ناوبراویان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاند.

هێزە ئەمنییەتییەکان لەم پێوەندییەدا ڕایانگەیاندووە کە ناوبراو بە هۆی "ترس و گوشاری دەروونی"، لە گرتنگەدا تووشی "جەڵتە" بووە و گیانی لەدەست داوە؛ بەڵام بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، بنەماڵەی سڵامەت وتوویانە کوڕەکەیان هیچ کێشەیەکی نەبووە و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە." لەلایەکی دیکەوە، گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی سڵامەت بە مەبەستی بێدەنگبوونیان سەبارەت بە مەرگی کوڕەکەیان، زیادی کردووە.

تەرمی مەنسوور سڵامەت، پاش ڕاگواستنی بۆ پزیشکی دادوەریی ورمێ، دەسبەجێ ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە تا بە زووترین کات بە خاک بسپێردرێت.

تەرمی مەنسوور سڵامەت، ڕۆژی پێنجشەممە، ٧ی بەفرانبار لە زێدی خۆی بە خاک سپێردرا.

گرتنگەی ئەمنیەتیی و نهێنیی "دوقوز پلە" کە بە "نۆ پلە" ناسراوە، یەکێک لە ترسناکترین گرتنگە نهێنییەکانی کۆماری ئیسلامییە کە لە ورمێدایە. بە وتەی هەندێک لە شایەتحاڵان، ئەم گرتنگەیە ٩ پلە لەژێر زەویدایە و بۆیە بە نۆ پلە بەناوبانگە، بەڵام کوردپا ناتوانێ ڕاستیی ئەم وتەیە پشتڕاست بکاتەوە.

سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا دەڵێن؛ بە هۆی توندیی ئەشکەنجە و جۆرەکانی توندوتیژی لەم گرتنگەیە کە لەلایەن کەسانێکەوە کە لەوێ زیندانی بوون باسی کراوە، ترسێکی زۆر لەم گرتنگەیە، لە نێو خەڵکدا تەشەنەی کردووە.