دیواندەرە؛ ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەسبەسەر کرا

11:52 - 17 خەرمانان 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی خەرمانان، ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئومید قەدیمی لە کاتی ڕۆیشتن بۆ سەر کارەکەی لە یەکێک لە شەقامەکانی دیواندەرە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەبارەت بە دۆخی ئومید قەدیمی پاش دەسبەسەرکرانی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

ئومید قەدیمی تەمەنی ٣٢ ساڵە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

فواد قەدیمی، لەدایکبووی یەکی ڕەشەمەی ١٣٦١، کوڕی حەدێقە سەفایی و عەبدوڵلا بوو. ناوبراو خێزاندار بوو و لە شاری دیواندەرە کاری دروومانی دەکرد. فواد قەدیمی ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی دیواندەرەدا بریندار بوو و دوو ڕۆژ دواتر لە ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا، لە نەخۆشخانەی سنە گیانی لەدەست دا.