٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ «کەیوان ئاشتاب»، پەرستاری لاوی خەڵکی مەهاباد، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ جێبەجێکردنی سزای ٩ مانگ بەندکرانی داسەپاو ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد کرا. ئەم سزایە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» دەرچووە. ناوبراو پێشتر لە مانگی پووشپەڕی ١٤٠٤دا، بۆ ماوەی چەند حەفتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ دەسبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند کە «کەیوان ئاشتاب» لە کۆتاییەکانی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٥دا، دوای وەرگرتنی ئاگادارییەک لە هەمان مانگدا سەبارەت بە پێویستیی خۆناساندنی بە بەندیخانە بۆ جێبەجێکردنی سزا، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد کرا.
ئەم پەرستارە لاوە کوردە لە مانگی گەلاوێژی ١٤٠٥دا، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی» بە ٩ مانگ بەندکرانی داسەپاو مەحکووم کرابوو. لە بەشێکی تری زانیارییە پێشکەشکراوەکان سەبارەت بە دۆسییەکەی هاتووە کە ناوبراو لە هەمان مانگدا، لەلایەن هەمان لقەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی» بە ٩ مانگ بەندکرانی تەزیری مەحکووم کرابوو.
«کەیوان ئاشتاب» لە ڕێکەوتی ١ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئیدارهی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکانی ورمێ گواسترایەوە؛ شوێنی ڕاگرتنی لەو کاتەدا دیار نەبوو. ناوبراو دوای چەند حەفتە دەسبەسەربوون و لێپرسینەوە، بۆ بەندیخانەی مەهاباد گواسترایەوە و پاشان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.





