سنە؛ ژنە چالاکێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

11:40 - 4 رەزبەر 2723

وریشە مورادی (جوانا سنە)، چالاکی کورد، ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ، لە دەوروبەری شاری سنەدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی، لەبەر دەستدا نییە.

ئەم چالاکە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پێوەندیی تلفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

تاکوو ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی مورادی بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کچەکەیان بێ ئاکام ماوەتەوە و ئەمەش نیگەرانیی ئەم بنەماڵەیەی بەدواوە بووە.

وریشە مورادی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و ئەم ڕێکخراوە ڕۆژی سێشەممە، ٤ی ڕەزبەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ڕوو لە بیروڕای گشتی، ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ، ڕایگەیاندووە کە وریشە مورادی، بە مەبەستی "چالاکیی سیاسی و ڕێکخستنی ژنان" لە کوردستان بووە.

کۆمەڵکەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەختی کردووەتەوە: "بە سەرنجدان بە بێسەروشوێنکردنی هاوڕێ جوانا سنە، لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە، بەرپرسایەتیی گیانی ئەم ئەندامەمان لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە."

هەروەها ئەم ڕێکخراوەی ژنانە، داوا لە ڕیپۆرتەری تایبەتی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران و ڕێکخراوەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ دەکات سەبارەت بە بێسەروشوێنکردنی وریشە مورادی و "سێناریۆسازیی ناوەندە ئەمنییەتییەکان" دژی ناوبراو، ڕێوشوێنی پێویست لەبەر بگرن.