گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی ئەمیر فەراسەتی‌شاد لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە پیرانشار

15:43 - 17 پووشپەڕ 2723

ئەمیر فەراسەتی‌شاد، خۆپیشاندەری خەڵکی پیرانشار، ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان و بەرکەوتنی ٥ فیشەک (٢ فیشەکی کڵاشینکۆف و سێ فیشەکی ساچمەیی)  گیانی لەدەست دا.

هێزە سەرکوتکەرەکان ئەم لاوە کوردەیان بە کڵاشینکۆف و ساچمەزەن کردبووە ئامانج و ناوبراو پێش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دابوو.

کوردپا، لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەمیر فەراسەتی‌شاد، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی ئەمیر فەراسەتی‌شاد؛

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەمیر فەراسەتی‌شاد، ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، کاتژمێر ٦ی ئێوارە لە گۆڕەپانی هەوراز بەرەو لای کەمەربەندیی کۆنەخانە، لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی بەشداریی کردبوو کە بە دوو فیشەکی جەنگیی کڵاشینکۆف کرایە ئامانج و گورچیلەی چەپی بەتوندی بریندار بوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەمیر فەراسەتی‌شاد، پاش برینداربوونی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە بەڵام پێش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دەدات.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش برینداربوونی ئەمیر، باوکی کە لە بانە دەبێ ئاگادار دەکەنەوە کە مۆبایلەکەی ئەمیر کوژاوەتەوە، باوکی ئەمیریش بە بیستنی دەنگی گریانی بنەماڵەکەی لە ڕێگەی تلفۆنەکەوە دەزانێ کوڕەکەی گیانی لەدەست داوە.   

هەوڵی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ بە بارمتەگرتنی تەرمی ئەمیر فەراسەتی‌شاد؛

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە ڕایگەیاند: هێزە سەرکوتکەرەکان لە نەخۆشخانەی پیرانشار هەوڵی بە بارمتەگرتنی تەرمی ئەمیر فەراسەتی‌شادیان دابوو، بەڵام بە هۆی هەوڵی بنەماڵەکەی و کەسانی نزیکی ئەمیر و هەروەها خەڵكی پیرانشار، هێزە سەرکوتکەرەکان نەیانتوانی سەرکەوتوو بن.

ڕاگواستنی تەرمی ئەمیر فەراسەتی‌شاد لە نەخۆشخانەوە بۆ مزگەوتی پیرانشار؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پێش گەیشتنی باوکی ئەمیر فەراسەتی‌شاد، تەرمەکەی دەشۆن و کفنی دەکەن بەڵام بە هۆی تاریکبوونی هەوا تەرمەکەی دەگوازنەوە بۆ مزگەوتی حەزرەتی ئیسماعیلی پیرانشار لە ڕێگای پیرانشار_سەردەشت و ئەو شەوە تەرمەکەی لە مزگەوت دەمێنێتەوە.

ئامدەبوونی هێزە لیباس شەخسییەکان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەمیر فەراسەتی‌شاد؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی نزیک لە بنەماڵەی فەراسەتی‌شاد، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەمیر فەراسەتی شاد بە بەشداریی بەرچاوی خەڵکی پیرانشار و ناوچەکانی دەوروبەری لە گۆڕستانی پیرانشار و بە وتنەوەی دروشمی دژی حکوومەت بەڕێوە چوو و هێزە سەرکوتکەرەکان و هیزە لیباس شەخسییەکان کە لە دەوروبەری گۆڕستانەکە بوون، نەیانتوانێ هیچ کارێک بکەن.

تەقەکردنی هێزە سەرکوتکەرەکان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەمیر فەراسەتی‌شاد و برینداربوونی ٤ ‌هاووڵاتی؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەمیر فەراسەتی‌شاد، بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک لە مزگەوتی حەزرەتی ئیسماعیلی پیرانشار بەڕێوە چوو و هێزە سەرکوتکەرەکان و هێزە خۆجێیەکانی سپای پاسدارانیش تەقەیان لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمەکە کرد کە لە ئاکامدا، ٤ هاووڵاتی بریندار بوون.

بانگهێشتی بنەماڵەی فەراسەتی‌شاد بۆ ناوەندە ئەمنییەتییەکان و پێشنیاری وەرگرتنی دیە؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان تاکوو ئێستا چەندین جار بنەماڵەی فەراسەتی‌شادیان بانگهێشت کردووە و ئەوان سەبارەت بە چالاکی لە سۆشیاڵ میدیا بۆ وەرگرتنی مافی کوڕەکەیان، لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا وتی: ناوەندە ئەمنییەتییەکان پێشنیاری وەرگرتنی دیە و تۆمارکردنی ناوی ئەمیر لە بونیاد شەهیدی کۆماری ئیسلامییان بە بنەماڵەی فەراسەتی‌شاد داوە، بەڵام ئەم بنەماڵەیە داواکارییەکەیان ڕەت کردووەتەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: تاکو ئێستا و سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەمیر فەراسەتی‌شاد، ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسێتیی پیرانشار لە دەرکردنی بەڵگەی کۆچی دوایی بۆ ناوبراو خۆی بواردووە.

پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ئەمیر فەراسەتی‌شاد و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەکەی بۆ وتووێژ لەگەڵ میدیاکان؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان، ڕۆژی چلەی ئەمیر فەراسەتی‌شاد و پێش لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە لە گۆڕستانی پیرانشار، چووبوونە گۆڕستانەکە و دوو لاویان دەسبەسەر کردبوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتیشی: هێزە سەرکوتکەرەکان ئیزنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی ئەمیر فەراسەتیشادیان بە بنەماڵە و کەسە نزیکەکانیشی نەدا.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان، هەڕەشەيان لە بنەماڵەی ئەمیر فەراسەتی‌شاد کرد کە لە ئەگەری وتووێژلەگەڵ میدیاکان، سەبارەت بە شێوازی قەتڵی حکوومەتیی کوڕەکەیان، دەسبەسەر دەکرێن.

ئەمیر فەراسەتی‌شاد؛

ئەمیر فەراسەتی‌شاد، کوڕی حەسەن و نەجیبە، لەدایکبووی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٧٨ لە پیرانشار بووە. ناوبراو خێزاندار بووە و منداڵێکی بچووکی هەبووە و وەستای گەچبڕی بووە.