دەسبەسەرکرانی سێ چالاکی مەدەنیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنە

08:53 - 9 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی دووشەممە، ٢ی گەلاوێژ، هۆزان باباکەرەمی، مەسعوود میرزایی و ئیبراهیم میرزایی، لە چالاکانی مەدەنیی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مەسعوود میرزایی، لە خاڵی پشکنینی سنە_کرماشان، بە بێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم چالاکە مەدەنییە، تەمەن ٥٣ ساڵەیە، لەم دواییانەدا نەشتەرگەریی دڵی بۆ کراوە و نەخۆشیی شەکرەی هەیە و تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە خزمەتگوزاریی پزیشکی، بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی مەسعوود میرزایی، برایەکی ناوبراو بە ناوی ئیبراهیم میرزایی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هۆزان باباکەرەمی،  وانەبێژی زمانی کوردی و ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی "نۆژین"یش لە شوێنی کارەکەی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم سێ چالاکە کوردە، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: هۆزان باباکەرەمی، مەسعوود میرزایی و ئیبراهیم میرزایی