دەسبەسەرکران و ئەشکەنجەی وەحید شادمان، وێنەگر-هەواڵنێر لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا

16:20 - 7 گەلاوێژ 2723

وەحید شادمان، وێنەگر-هەواڵنێر و بەرپرسی ئەنجومەنی وێنەگرانی شاری قەسری شیرین، ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، شەوی پاش ناڕەزایەتییەکانی چلەی ژینا_مەهسا ئەمینی، دەسبەسەر و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەتوندی ئەشکەنجە درابوو.

وەحید شادمان پێشتر نەشتەرگەریی دڵی ئەنجام دابوو و هێزە سەرکوتکەرەکانیش بەئەنقەست، بە ڕێژەیەکی زۆر لەسەر دڵیان داوە.

کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی وەحید شادمان، شێوەی دەسبەسەرکران و ئەشکەنجەکرانی ناوبراو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەگێرێتەوە.

شێوەی دەسبەسەرکرانی وەحید شادمان؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، پاش شەوی ناڕەزایەتییەکانی چلەی ژینا_مەهسا ئەمینی، لە ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١دا، کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی، هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا هێرشیان کردە سەر ماڵی وەحید شادمان و بە بی بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کرد کە لە کاتی هێرشکردنەکەدا، شادمان لەگەڵیان دەرگیر بوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی توندوتیژییەوە وەحیدیان دەسبەسەر کرد و بە چاو و دەستی بەستراو بۆ بینای ئیتلاعاتی سپای قەسری شیرین ڕاگوێزرا و بە قونداغی دەمانچە و بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر دڵیان دا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە درێژەی دا: وەحید شادمان بە هێزەکانی سپای وتبوو کە نەشتەرگەریم بۆ دڵم کردووە، بەڵام ئەوان بەئەنقەست چەندین جار لەسەر دڵیان دابوو.

ڕاگواستنی وەحید شادمان بۆ پاسگا و برینداربوونی چاوی؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا، ئەم وێنەگر-هەواڵنێرەیان لەگەڵ ٢٨ هاووڵاتیی دیکە ئەشکەنجە کردبوو، کە زیاتر لە هەمووان، وەحید شادمان و هاووڵاتییەک بە ناوی "کامران بالکانە"، کەتبوونە بەر لێدان و ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتەوە کە چاوی وەحید بەتوندی بریندار ببوو، ئەوان دواتر وەحیدیان بۆ پاسگا ڕاگواستبوو.

ڕاگواستنی وەحید شادمان بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش ئەشکەنجەی فیزیکیی وەحید، ناوبراو لەگەڵ ٢٨ هاووڵاتیی دیکە، ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە  گرتنگەی پاسگاوە بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرابوون.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ڕۆژێک پاش ڕاگواستنی وەحید شادمان بۆ زیندانی دێزڵاوا، ناوبراو بە کەفاڵەت و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

هێنانی پەرستار بۆ چارەسەری وەحید شادمان لە ماڵەوە؛

 ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەم وێنەگر-هەواڵنێرە، بە هۆی زۆربوونی ئەو زیانانەی بەر چاو، پشت و باسکی کەوتبوون، پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەبوو کە بنەماڵەکەی بۆ ئەم مەبەستە پەرستارێکیان بۆ گرتبوو.

تێگەیاندنی وەحید شادمان لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕۆژی ٢٠ بانەمەڕی ئەمساڵ، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی وەحید شادمان لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی قەسری شیرین بەڕێوە چوو و دادگا، ناوبراوی بە "تێکدانی نەزمی گشتی، بێڕێزی بە بەرپرسان، سەرپێچیکردن لە مەئمووری یاسا و تەقینەوە و تێکدانی سامانی گشتی" تۆمەتبار کردووە.

مەبەست لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ناوبراو "دێکۆمێنتکردن و بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی پێوەندیدار بە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی" بووە.

وەحید شادمان؛

وەحید شادمان، کوڕی محەممەدوەلی، لەدایکبووی ١٢ی سەرماوەزی ١٣٦٤ لە قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشانە.

ناوبراو بەرپرسی ئەنجومەنی وێنەگرانی قەسری شیرین و ئەندامی ئەنجومەنی سەرەکیی "سمن شهر خاطرەها" یە.