سەقز؛ گێڕانەوەیەک لە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە چاوی چەپی حوسێن کەرەمی بە هۆی یارمەتیگەیاندن بە ژنێکی خۆپیشاندەر لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا

21:54 - 21 جۆزەردان 2723

تەقەی ئامانجدار، بەتایبەت تەقەکردن لە چاوی خۆپیشاندەران، یەکێک لە پیلانەکانی سەرکوتی خەڵکی خۆپیشاندەر بوو کە هێزە سەرکوتکەرەکان لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا کەڵکیان لێ وەرگرت. تاکوو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە تەقە لە چاویان کراوە، ڕاستیی ڕووداوەکەیان ئاشکرا کردووە، بەڵام هێشتا سەدان کەس لە خۆپیشاندەران هەن کە چاویان خەساری بەر کەوتووە و بە هۆی گوشار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان، بە نهێنی خەریکی چارەسەرکردنی چاویانن.

حوسێن کەرەمی، یەکێک لەو کەسانەیە کە لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانی شاری سەقزدا، بە هۆی یارمەتیگەیاندن بە ژنێکی خۆپیشاندەر لە بەرانبەر هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، چاوی چەپی کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هیزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان و بریندار بووە.

شێوازی تەقەی ڕاستەوخۆ لە چاوی حوسێن کەرەمی بە هۆی پێشگرتن لە دەسبەسەرکرانی ژنێکی خۆپیشاندەر؛

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی حوسێن کەرەمی سەبارەت بە شێوازی تەقەکردن لە چاوی ناوبراو بە کوردپای وت؛ حوسێن کەرەمی ڕۆژی ٧ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە گەڕەکی کەریم‌ئاوای سەقز، لەگەڵ چەند کەسی دیکە لە هەوڵی ئەوەدابوون کە ژنێکی خۆپیشاندەر لە دەستی هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان ڕزگار بکەن تاکوو دەسبەسەر نەکرێ کە هەر لەو کاتەدا حوسێن کراوەتە ئامانجی فیشەکی ساچمەیی.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، پاش ڕزگارکردنی گیانی ئەو ژنە، یەکێک لە هێزە ئەمنییەتی_سەرکەتکەرەکان بە جنێودان جارێکی دیکە هەوڵی دەسبەسەرکردنی ئەو ژنەی داوە کە حوسێن جارێکی دیکە پێشی پێ گرتوون و لەم کاتەدا بووە یەکێک لە هێزە سەرکوتکەرەکان لە مەودای نزیکەوە تەقەی لە حوسێن کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی چاوی حوسێن.

دۆخی حوسێن کەرەمی، لەدەستدانی چاو یان بینینی تارمایی!؟

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند: حوسێن کەرەمی پاش برینداربوونی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەفای سەقز و پزیشکەکانیش لەوێوە بە هۆی توندی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی نیکووکاریی تەورێزیان ڕاگواستووە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، حوسێن کەرەمی تاکوو ئێستا دوو جار نەشتەرگەریی بۆ چاوی چەپی کردووە و هێشتا ساچمەیەک لە چاویدا ماوەتەوە و پێویستی بە نەشتەرگەریی دووبارە هەیە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لە کۆتاییدا وتی: حوسێن چاوی چەپی لەدەست داوە، بەڵام لە بەڵگە پزیشکییەکانیدا ڕایانگەیاندووە کە تارمایی دەبینێ.

حوسێن کەرەمی؛

حوسێن کەرەمی، کوڕێ رەحیم، لەدایکبووی پووشپەڕی ١٣٥٨ و خێزاندارە، ناوبراو سێ منداڵی هەیە و خەڵکی گوندی "ساڵح‌ئاوا"ی سەقزە.