دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییەکی کورد لە سنە

13:26 - 11 جۆزەردان 2723

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شۆڕش محەممەدپوور"، کوڕی هاشم، خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" سەر بە شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە تەمەن ٣٦ ساڵەیان لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: شۆڕش محەممەدپوور پاش دەسبەسەرکران بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بەمەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام بووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی شۆڕش محەممەدپوور زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.