مەجید خادمی بە ١٠ ساڵ و یەک مانگ زیندان و سزای تەکمیلی مەحکووم کرا

18:20 - 6 جۆزەردان 2723

مەجید خادمی، هاووڵاتیی خەڵکی بێهبەهان لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ماهشەهر، بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مێهران مێهمان‌نەواز" بە ١٠ ساڵ و یەک مانگ زیندانی تەعزیری و سزای تەکمیلی مەحکووم کرا.

بەپێی حوکمێک لە ڕۆژی ١٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٢، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ماهشەهرەوە بەم هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە، ناوبراو سەبارەت بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بەمەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی" بە ٦ ساڵ و سێ مانگ زیندانی تەعزیری، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک و چوارمانگ زیندانی تەعزیری و هەروەها بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە گرووپەکانی دژبەری نیزام" بە دوو ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

مەجید خادمی هەروەها سەبارەت بە سزا تەکمیلییەکانیش، بە دوو ساڵ نیشتەجێبوون لە شاری تەفت سەر بە پارێزگای یەزد، دوو ساڵ قەدەغەبوونی ئەندامەتی لە حیزب و گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها ناچاربوون بە بەشداری لە کلاسی تەوجیهیی "کارناسانی شارەزا" مەحکووم کراوە.

لە ئەگەری پەسەندکردنی ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا، زیاترین سزا، واتە ٦ ساڵ و ٣ مانگ زیندانی تەعزیری بۆ ئەم هاووڵاتییە جێبەجێ دەکرێت.

مەجید خادمی لەگەڵ مێهران قەرەباغی ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٨، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە لە بێهبەهان ڕاگوێزران. ئەم دوو هاووڵاتییە بە تێپەڕبوونی نزیک بە یەک مانگ لە دەسبەسەربوونی کاتی، بە کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ئەم شارە ڕاگوێزران.

ئەم دوو هاووڵاتییە سەبارەت بە تۆمەتەکانی "چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام، بەشداری لە تێکدان و ئاگرتێبەردانی کەرەستەی گشتی، بەشداری لە تێکدانی نەزمی گشتی، بەشداری لە دروستکردنی ماددەی ئاگرینی غەیرە نیزامی، ئەندامەتی لە گرووپەکانی دژبەری نیزام و افساد فی‌الارض" لە دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری بێهبەهان ڕوونکردنەوەیان پێ درا.

مەجید خادمی، ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠، بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرابوو.

مەجید خادمی، خەڵکی گوندی "تیلەکۆهی" سەر بە شاری بێهبەهان لە پارێزگای خووزستانە.