۲۳ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا_مەهسا ئەمینی، دوو ڕۆژ پێش لە  چوارەمین ساڵیادی کوژرانی حکومەتیی کچەکەی بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک نووسی؛ «چوار ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام داخی تۆ نە کۆن بووەتەوە و نە تەنانەت بۆ ساتێکیش ئارامی گرتووە. لەم چوار ساڵەدا زۆر بیرمان کردووەتەوە کە کچێکمان هەبوو و لێیان سەندین؛ بەڵام خۆشەویستیی خەڵک، هەزاران ڕۆڵەی تری هێنایە ناو بنەماڵەکەمانەوە.»

ئەو لە درێژەدا جەختی کردەوە: «بۆ باوک و دایکێک کە ڕۆڵەکەی لەدەست داوە، کات مانایەکی تری هەیە و هەندێک داخ بچووک نابنەوە. بەم هەمووەشەوە، بڕوامان هەیە ئەو ڕازە سەربەمۆرەی کە لەگەڵ تۆ و هەموو ئازیزانی خەوتوو لەم خاکەدا نێژراوە، بۆ هەمیشە بە شاراوەیی نامێنێتەوە و ناو و یادت هەتا کۆتا هەناسە لەگەڵماندایە.»

ناوبراو لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی کچەکەی درێژەی بە دادخوازی دا، چونکە کۆماری ئیسلامی دوای تێپەڕبوونی ۴ ساڵ بەسەر قەتڵی حکوومەتیی کچەکەیدا، نەک هەر وڵامدەر نەبووە، بەڵکوو حاشاشی لێ دەکات.

دەقی تەواوی پەیامی ئەمجەد ئەمینی؛

ژینای نازدارم، چوار ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام داخی تۆ نە کۆن بووەتەوە و نە تەنانەت بۆ ساتێکیش ئارامی گرتووە. بۆ ئێمە، تۆ هێشتا هەمان ئەو فریشتەیەی کە بە هەر پێکەنینێک، بە هەر ڕوانینێک، دەستی میهرەبانیی ڕۆژگارت بەسەر ژیانماندا دەکێشا.

لەم ڕۆژانەدا زیاتر لە هەمیشە بیرت لێ دەکەینەوە؛ لە ڕۆژگارێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ تاڵتر و هیواکان کاڵتر دەبنەوە، زیاتر لە هەموو شتێک دڵمان لە گرەوی ئاواتەکانی لاوانی وەک تۆدایە. ئەگەر ئەمڕۆ لەناو ئێمەدا بوویتایە چیت دەکرد؟ ئایا هێشتا هەمان سەرزیندوویی ژیانمان لە چاوەکانتدا دەبینی؟ ئایا هێشتا باسی بەیانی دەکرد و خەونت بۆ ڕۆژانی داهاتوو دادەنا؟

ژینا گیان، بۆ ئێمە، تۆ پێش هەر شتێک، کچەکەمان بوویت. کچێک کە بە هاتنی ژیانمان ڕەنگێکی تری بەخۆوە گرت و بە ڕۆیشتنی برینێک لەسەر دڵمان مایەوە کە هیچ وشەیەک توانای دەربڕینی نییە. بەڵام چارەنووسی تۆ بە جۆرێک نووسرا کە ناوت لە ماڵە بچووکەکەی ئێمە تێپەڕی.

لەم چوار ساڵەدا، زۆر بیرمان کردووەتەوە کە ئێمە کچێکمان هەبوو و لە ئێمەیان سەند؛ بەڵام خۆشەویستیی خەڵک، هەزاران ڕۆڵەی تری هێنایە ناو بنەماڵەکەمانەوە. لەناو ئەم هەموو ئازارەدا، شتێک کە هەرگیز لەبیری ناکەین، هاوخەمی و میهرەبانییەکە کە لەنێوان خەڵکی ئەم نیشتمانەدا زۆرتر بووەوە.

ژینای ئازیزم، چوار ساڵە جێگەی خاڵیت هەر ڕۆژ و هەر کاتژمێر لەگەڵ خۆمان هەڵدەگرین. هەندێک جار وێنەیەک، بیرەوەرییەک، ڕوانینێک و تەنانەت بیستنی ناوت بەسە بۆ ئەوەی هەموو شتێک دووبارە لە سەرەتاوە لە بەرانبەر چاوەکانماندا زیندوو ببێتەوە. بۆ ئەوانی تر ڕەنگە چوار ساڵ تێپەڕیبێت، بەڵام بۆ باوک و دایکێک کە ڕۆڵەکەی لەدەست داوە، کات مانایەکی تری هەیە. هەندێک داخ بە تێپەڕبوونی ڕۆژەکان بچووک نابنەوە؛ تەنیا مرۆڤ فێر دەبێت چۆن لەگەڵ خۆیدا هەڵیانبگرێت.

بەم هەمووەشەوە، لە تەواوی ئەم ساڵانەدا چاوێکی پڕ لە خوێنمان لە خاک بووە و چاوێکمان لەسەر ئەو ڕۆژەی کە ڕاستی ئاشکرا ببێت. بڕوامان هەیە ئەو ڕازە سەربەمۆرەی کە تۆ و هەموو ئازیزانی خەوتوو لەم خاکەدا لەگەڵ خۆتان ناشتووتانە، بۆ هەمیشە بە شاراوەیی نامێنێتەوە.

ژینا گیان، کچە نازدارەکەم، ناو و یادت هەتا کۆتا هەناسە لەگەڵماندایە.

یارب چه ها به سینه این خاکدان در است

کس نیست واقف این همه راز نهفته را 

ئەمجەد ئەمینی

باوکی نەمر ژینا (مەهسا) ئەمینی