گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی دانش ڕەهنما، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

11:37 - 26 بانەمەڕ 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، دانش ڕەهنما لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان لە گوندی "بالوو" سەر بە ورمێ، گیانی لەدەست دا.

ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە بانگهێشتکردنی براکانی دانش ڕەهنما، ناوبراوی بە "ئاژاوەگێڕ" ناو برد و هەڕەشەیان لە براکانی کرد کە سەبارەت بە دۆسییەکە و چۆنیەتیی گیانلەدەستدانی دانش لەگەڵ هیچکەس قسە نەکەن.

یەکێک لە نزیکانی دانش ڕەهنما لە وتووێژ لەگەڵ کوردپادا، شێوازی گیانلەدەستدانی ناوبراو دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی دانش ڕەهنما؛

بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، دانش ڕەهنما لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە تەقەی هێزە بەسیجییەکان لە گوندی "بالوو"ی ورمێ گیانی لەدەست دا. فەرجاد دەرویشی لە هاوڕێیە نزیکەکانی دانش بوو کە پاش گیانلەدەستدانی ژینا_مەهسا ئەمینی لە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ئاکامی تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکاندا لە ورمێ گیانی لەدەست دا، دانش  زۆر ناڕەحەت بوو و شەوی گیانلەدەستدانی فەرجاد هەتا بەیانی بۆی گریا و پاش بڵاوبوونەوەی بانگەواز بۆ بەشداری لە ناڕەزایەتییەکاندا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، پەیوەست بە ناڕەزایەتییەکانەوە بوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: نزیک کاتژمێر ٨ی شەو بوو کە بنەماڵەی دانش ئاگادار کرانەوە کە کوڕەکەیان بریندار بووە و ئەوان خێرا خۆیان گەیاندە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ و پاش ٤٠ خولەک، دانش ڕەهنما بە هۆی توندی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: دانش لە کاتی ڕزگارکردنی گیانی نجات مەحموودپوور کە بە فیشەکی بەسیجییەکان پێکرابوو، تەقەی لێ کرا و سێ فیشەک بەر پشت، سک و لاقی کەوت.

ڕادەستکردنەوەی تەرمی دانش ڕەهنما و بانگهێشتی براکانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ؛

ئەم سەرچاوە ڕایگەیاند: تەرمی دانش، شەوی ڕووداوەکە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکرایەوە و بۆ پزیشکی دادوەری ڕاگوێزرا. کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی لە پزیشکی دادوەرییەوە پێوەندیی تلفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەی دانش گرتووە کە تەرمی منداڵەکەیان وەربگرنەوە و لە گۆڕستان بە خاکی بسپێرن بەڵام بنەماڵەکەی قەبووڵیان نەکرد و وتیان کە بە شەو تەرمی کوڕەکەیان ئەسپەردەی خاک ناکەن.

بنەماڵەی دانش، تەرمی ناوبراویان کاتژمێر ٧ی بەیانیی ڕۆژی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١ لە پزیشکی دادوەری وەرگرت و دواتریش بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک لە گۆڕستانی گوندی "بالوو" بە خاکیان سپارد.

پاش کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی دانش ڕەهنما، هاووڵاتییانی ناڕازی هێرشیان کردە سەر بنکەی بەسیجی گوندی "بالوو" و ئاگریان تێ بەردا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمەکە ، ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، براکانی دانش بانگهێشت دەکەن و بەڵێننامەیان لێ وەردەگرن کە سەبارەت بە پرسی گیانلەدەستدانی دانش لەگەڵ هیچکەس قسە نەکەن، براکەی ئێوە ئاژاوەگێڕ بووە و کوژراوە.

ئەم سەرچاوەیە وتی: بۆ ڕێوڕەسمی چلەی دانش ڕەهنمادا، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و هێزی بنکەی بەسیجی گوندی "بالوو" بە گەمارۆی گۆڕستانەکە پێشیان بە بەشداریی خەڵک لە سەر مەزار گرت.

تۆمارکردنی سکاڵا دژی بەسیجەکانی "بالوو" و وڵامنەدانەوە بە بنەماڵەی ڕەهنما؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، لە بەڵگەی مەرگی ناوبراودا "بەرکەوتنی شتی تیژ و سەخت" ڕاگەیەندراوە و پزیشکی دادوەری بە بنەماڵەی ڕەهنمای ڕاگەیاندووە کە منداڵەکەیان بە هۆی بەرکەوتنی گولـلەی کڵاشینکۆف گیانی لەدەست داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا وتی: بنەماڵەی دانش دژی بەسیجەکانی "بالوو" سکاڵایان تۆمار کرد بەڵام وڵامێکیان پێ نەدرایەوە، بڕیار بوو کارناسان بۆ بەدواداچوون سەردانی شوێنێ ڕووداوەکە لە گوندی "بالوو" بکەن، بەڵام نەهاتن و سپای پاسداران ڕایگەیاند کە دانش ئاژاوەگێڕ بووە و هێرشی کردووەتە سەر بنکەی بەسیج و کوژراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە جەختی کردەوە: بنەماڵەی دانش داواکاریی هێزە سەرکوتکەرەکان بۆ تۆمارکردنی ناوی دانش لە بونیاد شەهید و وەرگرتنی دیەیان ڕەت کردووەتەوە و ئەم داواکارییەیان قەبووڵ نەکردووە.

داش ڕەهنما، کوڕی عەلی و خاتوون، لەدایکبووی ٢١ی بانەمەڕی ١٣٧٩ لە ورمێ بووە.