گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی زەکەریا خەیاڵ، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

16:00 - 19 بانەمەڕ 2723

زەکەریا خەیاڵ، منداڵی خەڵکی پیرانشار ڕۆژی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١ بە تەقەی هێزە سەکوتکەرەکان و بەرکەوتنی گولـلە لە پشت و سینگ و دەستی گیانی لەدەست دا.

هێزە سەرکوتکەرەکان ئەم منداڵەیان بە چەکی کڵاشینکۆف کردبووە ئامانج و ناوبراو دەسبەجێ گیانی لەدەست دابوو.

کوردپا لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە نزیکانی زەکەریا، شێوازی قەتڵی حکوومەتیی زەکەریای گێڕاوەتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی زەکەریا خەیاڵ؛

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارەی کوردپا، زەکەریا خەیاڵ کاتژمێر ٢١:٣٠ خولەکی شەوی ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠١، لە پاڵ قوتابخانەی شەوانەڕۆژیی کچانە لە شەقامی ٣٢ میتریی پیرانشار بە تەقەی هێزە سەکوتکەرەکان بە چەکی کڵاشینکۆف و پێکرانی پشت و سینگ و دەستی گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ناڕازییان لە شەقامی ٣٢ میتری لەلایەن پاسگای نیزامیی هەڵکەوتوو لەم شەقامە کە سپای پاسدارانی تێدا جێگیرە کەوتنە بەر دەسڕێژی گولـلە و ناڕازییان بە شێوەی هێمنانە کۆ ببوونەوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: کاتژمێر ٢٢:٣٠ی شەو باوکی زەکەریا ئاگادار دەکرێتەوە کە کوڕەکەی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا گیانی لەدەست داوە و تەرمەکەی لەلایەن خەڵکەوە بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە.

گوشار بۆسەر بنەماڵەی زەکەریا خەیاڵ و بە بارمتەگیرانی تەرمەکەی؛

ئەم سەرچاوە ئاگادارە بە کوردپای ڕاگەیاند: تەرمی زەکەریا لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دزرا و باوکی لەلایەن هێزەکانی ئاگاهیی پیرانشارەوە دەسبەسەر کرا. هێزەکانی حکوومەت هەڕەشەیان لە باوکی زەکەریا کردووە کە ڕایبگەینێ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران هۆکاری کوژرانی زەکەریان، بەڵام ناوبراو داخوازییەکەی ڕەت کردوونەتەوە و وتبووی کە هۆکاری کوژرانی کوڕەکەی من هێزەکانی دەوڵەتن. 

ئەم سەرچاوە ڕایگەیاند: تەرمی زەکەریا لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١ لەژێر چاوەدێریی چڕی ئەمنییەتییدا بەخاک سپێردرا.

ئەم سەرچاوەیە وتی: هێزە سەرکوتکەرەکان ئیزنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی زەکەریایان بە بنەماڵەکەی نەدا و باوکی زەکەریا لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان بریندار بوو.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: بنەماڵەی زەکەریا دژی هێزە سەرکوتکەرەکان لە دادگادا سکاڵایان تۆمار کردووە بەڵام تاکوو ئێستا وڵامێکی وەرنەگرتووە.

زەکەریا خەیاڵ؛

زەکەریا خەیاڵ کوڕی عوسمان (سلێمان) خەیاڵ و ئامێنە عەبدوڵڵانژاد ئەقدەم، لەدایکبووی ١٣ی سەرماوەزی ١٣٨٤ لە پیرانشارە.