گێڕانەوەیەک لە قەتڵی حکوومەتیی مینوو مەجیدی، یەکەمین ژن کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا گیانی لەدەست دا

22:39 - 19 خاکەلێوه 2723

مینوو مەجیدی، ناڕازیی خەڵکی قەسری شیرین و دانیشتووی کرماشان یەکەمین ژنە کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

مەهسا پیرایی، کچی مینوو مەجیدی لە وتووێژ لەگەڵ کوردپا شێوەی گیانلەدەستدانی دایکی دەگێڕێتەوە.

شێوازی قەتڵی حکوومەتیی مینوو مەجیدی؛

مەهسا پیرایی سەبارەت بە چۆنیەتیی قەتڵی حکوومەتیی دایکی دەڵێ: ڕۆژی ٢٩ی خەرمانان کاتژمێر ١٩:٣٠، دایکم مینوو مەجیدی چووە ڕیزی ناڕازییانی چوارڕێیانی سی میتری کە لە نزیک بلواری وەحدەت هەڵکەوتووە؛ بەپێی لێکۆڵینەوەکانی ئێمە کەمێ دواتر هێزە تایبەتەکان و هیزی ماتۆڕسوار لە دوو لاوە دەست دەکەن بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، لە نێوان کاتژمێر ١٩:٤٥ هەتا ٢٠:٠٠ و لە نزیک شیرینی فرۆشیی تابان، دایکم دەپێکرێ و دەکەوێت، خەڵک لە دەوری کۆ دەبنەوە و سەرەتا تەنیا دەبینن کە فیشەک بەر دەستی کەوتووە، لەناکاو خوێن بە دەمیدا دێتە دەر و دوای ئەوەیە کە خەڵکەکە دەزانن لە پشتەوە گولـلەی بەر کەوتووە.

بە وتەی مەهسا، دایکی بە تیبایەکی سپی (کە ئەگەری هەیە ماشینی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بووبێت) دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانە.

ناوبراو وتی: لە مەودایەکی کەم لەوانە یەک تا دوو میترییەوە و لەلایەن هێزە دژەشۆڕشەکان و هێزی تایبەتەوە تەقە لە دایکم کرابوو و ١٦٧ ساچمەش لە پشتەوە لە نێوقەدی درابوو.

مەهسا پیرایی سەبارەت بە کاردانەوەی بەرپرسانی حکوومەتی بە گیانلەدەستدانی دایکی وتی: بۆ دایکی من بە پێچەوانەی ئەوانی دیکە ڕەتیان نەکردەوە و چیرۆکی خۆکوژییان بۆ نەگێڕایەوە بەڵام ڕایانگەیاند کە بە چەکی غەیرەسازمانی لەلایەن مونافقینەوە تەقەی لێ کراوە، دایکی من لە یەکەمین کوژراوان بوو و یەکەمین ژن بوو کە لە ناڕەزایەتی بە قەتڵی مەهسا ئەمینی گیانیان لێ ئەستاند.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند: لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە، دایکم پێش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانی گیانی لەدەست داوە و پاش ئەوەی کە بنەماڵە و باوکم دەگەنە نەخۆشخانە، هیچ ئاسەوارێک لە مۆبایلەکەی دایکم و زێڕەکانی نەبووە و پێرسۆنێلی نەخۆشخانە و پۆلیسیش ڕایانگەیاندووە کە لەم بابەتە ئاگادار نین.

مەهسا هەروەها وتی: تەرمی دایکم، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانان، پاش لێپرسینەوە لە باوکم و وەرگرتنەوەی بەڵگەی پزیشکی دادوەری ڕادەست کرایەوە و ڕۆژی ٣١ی خەرمانان لە گۆڕستانی میناباد (گۆڕستانی تایبەت بە پەێڕەوانی مەزهەبی سوننە لە کرماشان) بە خاک سپێردرا.

گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکان بۆسەر بنەماڵەی مینوو مەجیدی؛

مەهسا پیرایی لەمبارەوە ڕایگەیاند: هێزە لیباس شەخسییەکان و بەسیج هەم لە شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسم و هەم لە دەوروبەری ماڵی باوکم هەبوون و لە ماوەی ١٠ ڕۆژ مانەوەی من لە کاتی ڕێوڕەسمەکەی دایکمدا بینەری هاتوچۆی هێزە لیباس شەخسییەکان بووم کە فیلمیان لە پلاکی ئەو ماشینانە هەڵدەگرت کە لەبەر ماڵی ئێمەدا بوون و بە دروستکردنی دەنگی نائاسایی ماتۆڕیش نیوەشەوان  ترس و دڵەڕاوکێیان دروست دەکرد یان بە جلی کرێکارانی شارەدارییەوە و لە ڕۆڵی ئەواندا ماڵەکەیان خستبووە ژێر چاوەدێرییەوە.

مەهسا پیرایی دەڵێ: گوشار و هەڕەشەکان دوای ئەوە بۆ سەر بنەماڵەم نەبووە، ئەڵبەت باوکم سکاڵایەکیشی تۆمار نەکردووە چونکە باوەڕی وابوو کە سکاڵا کردن لە بکوژ لای خودی بکوژ کارێکی بێ کەڵکە و بێڕێزی بە شعووری خۆمانە.

مەهسا ڕایگەیاند: ئیزنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەیان پێ نەداین و بەیانیی ڕۆژی چلەکە، لە ئیتلاعاتەوە پێوەندییان لەگەڵ باوکم گرتبوو کە دڵنیا بن لە ماڵەوەیە و بەپێی ڕاگەیەندراوە خەڵکییەکان نەچووەتە سەر مەزار کە باوکم بە زۆر لە ماڵەوە مابووەوە، پێوەندییان لەگەڵ خاڵم گرتبوو و چونکە وڵامی نەدابووەوە سەرەڕای ئەوەی کە ئەو ڕۆژەش لە ماڵەوە بوو بەڵام بۆ وەرگرتنی بەڵێننامە بانگهێشت کرابوو و ڕۆژێک دوای چلەی دایکم، تەنیا بنەماڵەی خۆمان و لەکاتێکدا کە هێزە لیباس شەخسییەکان گەمارۆی ماڵەکەیان دابوو ڕێوڕەسمەکەیان بەڕێوە برد.

ناوبراو سەبارەت بە خواستی بنەماڵەکەی جەختی کردەوە: من و خوشکم ڕۆیا کە لە دەرەوەی ئێرانین، بووین بە دەنگی ناڕەزایەتیی بنەماڵە و دەنگی دایکمان، دایکم بە خواستی خۆی لە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداریی کردووە و تەنانەت لە وڵامی باوکمدا کە پێی وتووە مەڕۆ، وتوویەتی ئەگەر من نەڕۆم لاوەکانمان بڕۆن و بکوژرێن؟

مینوو مەجیدی؛

مەهسا پیرایی سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی دایکی ڕایگەیاند: دایکم ئارام و لەسەرەخۆ بوو، مرۆڤێک نەبوو کە دروشم بدات، زۆر بوێر و میهرەبان بوو، هەمیشە خەریکی فێربوون و خوێندنەوە و وەرزش کردن بوو، دایکم کۆڵەکەی ماڵ و بنەماڵەی خۆمان و دایک و باوکی بوو کە هەردوو ماڵەکەیان وێران کرد.

ناوبراو وتیشی: پاش شۆڕشی ٥٧ دایکم مافی وانەوتنەوەی لێ ئەستێندرا و ژنی ماڵەوە بوو.

مینوو مەجیدی کچی وەجیهە قەویدڵ و وەحید مەجیدی و لەدایکبووی ساڵی ١٣٣٩ لە قەسری شیرینە.

مینوو مەجیدی لەو مامۆستایانە بووە کە لە سەردەمی سەرەتای شۆڕشدا لە کار دەر کراوە و سی ساڵ پێش ئێستا بەشێوەی خۆبەخشانە مامۆستای تێنیسی سەر مێزی نەبیس و کەمبیسەکان بووە.