ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران: ٥٨٠ کەس بە تەقەی هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان، زیان بە چاویان گەیشتووە

16:18 - 15 رێبەندان 2722

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ڕۆژی هەینی ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بڵاوی کردەوە، باسی لە بریندارکردنی چاوی ٥٨٠ هاووڵاتی لە ئێران کرد کە لەلایەن‌ ‌هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکانەوە، بە شێوەی ئامانجدار پێکراون.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، ڕاپۆرتەکەی خۆی بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی سێ نەخۆشخانەی تاران و ناوەندە دەرمانییەکان ئامادە و بڵاو کردووتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ٥٠٠ کەس لە سێ نەخۆشخانەی تاران (فارابی، ڕەسووڵی ئەکرەم و لەبافی‌نژاد) چاویان لە ئاکامی تەقەی ‌هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان بریندار بووە و هەروەها لە ناوەندە دەرمانییەکانی پارێزگای سنەش، لانیکەم ٨٠ کەس، چاویان بریندار بووە.

ئەو ڕیکخراوە هەروەها ناوی ٢٢ کەسی بڵاوکردووەتەوە کە هەموویان بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتی - سەرکوتکەرەکان چاویان برینداربووە یان بینایی چاویان لەدەست داوە.

بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدایە، کە پێشتر حەسەن کەرەمی فەرماندەی یەگانی تایبەتی پۆلیس، تەقەکردن لە چاوی هاووڵاتییانی خۆپیشاندەری لەلایەن مەئموورانی یەگان تایبەتەوە ڕەت کردبووەوە.