کوردپا؛ گیانلەدەستدانی ١٢١ هاووڵاتیی کورد لە درێژەی ڕاپەڕینی سەرتاسەریدا

16:58 - 11 بەفرانبار 2722

زانیاری و لێکۆڵینەوەکانی کوردپا باس لەوە دەکەن کە لە کاتی دەسپێکردنی ڕاپەڕینی سەرتاسەری دژی کۆماری ئیسلامی دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا-مەهسا ئەمینی و لە درێژەی ئەم ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەدا، لە ماوەی ١٠٦ ڕۆژی ڕابردوودا، تەنیا لە کوردستان ١٢١ کەس لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە گیانیان لەدەست داوە.

ئەم ئامارە هەتا ڕێکەوتی ١١ی بەفرانبار لەخۆ دەگرێت کە لەلایەن کوردپاوە کۆ کراوەتەوە. هەر لەمبارەوە کۆمەڵێک زانیاری بە کوردپا گەیشتووە کە بەدواداچوونەکان بۆ دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستییان لەلایەن کوردپاوە درێژەی هەیە.

بەپێی ئەم ئامارە؛

١٢١ کەس لە هاووڵاتییانی کوردستان لە ماوەی ١٠٦ ڕۆژدا گیانیان لەدەست داوە.

١٢ کەسیان تەمەنیان کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

٥ کەس لە گیانلەستداوان ژن بوون.

لەم ئامارەدا، نەسرین قادری، سارینا ساعدی، حەمید گوڵی، ئومید حوسێنی، سامان ڕەحمانی و عەلیڕەزا کەریمی بە هۆی لێدانی باتۆم لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە گیانیان لەدەست داوە.

ڕامین فاتحی، ئیسماعیل دزوار، ئومید حوسێنی، هێمن ئامان، شادمان ئەحمەدی، محەممەد حاجی‌ڕەسووڵ‌پوور و شەهریار عادڵی دوای دەسبەسەرکران لە شوێنێکی نادیار، بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەست داوە؛ شایانی ئاماژەیە کە نەسرین قادری و محەممەد لوتفوڵڵاهی لە کاتی دەسبەسەرکراندا کوژراون.

 زۆرینەی ئەم هاووڵاتییانە بە فیشەکی جەنگی کوژراون؛ دەرکەوتووە کە کۆمار دەرویشی، مۆئمێن زەندکەریمی و ڕێباز ساڵحی‌وەندیش بە فیشەکی ساچمەیی کوژراون.

ڕۆژی ٣٠ی خەرمانان، بە ١٤ گیانلەدەستداو، ڕۆژەکانی ٤ و ٥ی خەزەڵوەر بە ١٢ گیانلەدەستداو و ٢٤ تا ٣٠ی خەزەڵوەر بە ٤٤ گیانلەدەستداو، لەو ڕۆژانەن کە زیاترین ڕێژەی قەتڵی حکوومەتی تێیاندا ڕووی داوە.

ئاماری گیانلەدەستداوان بەپێی پارێزگاکان؛

کوردستان؛ ٤٠ (سنە ١٩، دیواندەرە ٥، دێولان ٣، سەقز ٥، کامیاران ٣، مەریوان ٢، بانە ٣)

ورمێ؛ ٤٩ (ورمێ ٤، پیرانشار ٧، شنۆ ٤، بۆکان ١٨، مەهاباد ١٤، سەردەشت ١، تیکاب ١)

کرماشان؛ ٢٩ ( جوانڕۆ ٨، کرماشان ٦، قەسری شیرین ٣، شاباد ٣، سەلاسی باوەجانی ١، گیەڵان ١، سەرپێڵ ١، کەنگاوەر ٢، سەحنە ١ ؛ ٣ هاووڵاتیی خەڵکی سونقوڕ لە کەرەج و قەرچەک و قەزوین گیانیان لەدەست داوە.

ئیلام؛ ١ کەس

خوراسانی ڕەزەوی (قووچان ١)

هاووڵاتییەکی خەڵکی کوردستانی عێراقیش لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی یەکێک لە گیانلەدەستداوانی بانەدا بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.