گرووبانێکی هێزە ئینتزامییەکان لە شاری بانە کوژرا

13:53 - 27 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: گرووبانێکی هێزە ئینتزامییەکان، لە شەڕ و تێکەڵچوونی لەگەڵ هێزێکی چەکدار، لە سنووری شاری بانە، کوژرا.

ئیوارەی یەکشەممە ٢٦ی ڕەشەممە، بە هۆی شەڕ و تێکەڵچوونی مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان لەگەڵ کەسانێکی چەکدار لە سنووری شاری بانە، گرووبانێکی ‌هێزە ئینتزامییەکان کوژرا.

هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان شوناسی ئەو مەئموورە کوژراوەیان \"گرووبان یەکەم ئەبووزەر حەمزە کورد\" خەڵکی شاری مەلایری پارێزگای هەمەدان، ڕاگەیاندراوە.

ئەو شەڕ و تێکەڵچوونەوە، کاتژمێر ٣٠و ٩ شەوی ٢٦ی ڕەشەممە، لە ناوچەی سنووری \"سەراو\"ی بانە ڕوویداوە.

هەتا ئێستا هیچ کام لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی ئێران، بەرپرسایەتی ئەو شەڕ و تێکەڵچوونەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.