هەشتەمین هەڵبژاردنی خانەی چاپەمەنیی کوردستان (سنە)، بەهۆی گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان هەڵوەشایەوە

گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە، بوو بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی هەشتەمین خولی هەڵبژاردنی خانەی چاپەمەنیی کوردستان.

لە ئەنجامی دەستێوەردان و گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان، هێندێک لە هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران و ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی شاری سنە، هەڵبژاردنی هەشتەمین خولی ئەو ناوەندە چاپەمەنییە هەڵوەشایەوە.

سەرەڕای  خۆبەربژیرکردنی ١٩ کەس لە ڕۆژنامەوانان، بە دەستێوەردانی هێزە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هەموو بەربژێرەکان لە خۆکاندیدکردن  پاشگەز بوونەوە.

سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات، وەکوو دوو جەمسەری دەسەڵاتدار لە کوردستان و ئێراندا دەستیان بە سەر هەموو ناوەندە ئەمنییەتی، قەزایی و ئابوورییەکاندا گرتووە؛ چالاکانی سیاسیش لەو بڕوایەدان کە ئەو دوو ناوەندە حکوومەتییە ئەو هەوڵەیان لە ڕاستای هەرچی زیاتر ئەمنیەتی‌ترکردنی کوردستانە.

پاڕێزگای سنە، بە حەشیمەتی ١ میلیۆن و ٤٨٨ هەزار کەس و بە پانتایی ٢٠٣/٢٨ کیلۆمێتری چوارگۆشە لە ڕۆژئاوای ئێران هەڵکەوتووە و لە چاو بڵاوکراوەکانی سەرانسەریی ئێران، لە بواری بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕۆژانە، لە گواستنەوەی هەواڵەکانی ئەو پارێزگایە کەمترین پشکی هەیە.