هاووڵاتییەکی کورد یەک ساڵ و یەک ڕۆژ زیندانیی تەعزیریی بە سەردا سەپا

17:19 - 29 رێبەندان 2720

هاووڵاتییەکی کورد بو ناوی "تاهیر حوسێن‌زادە"، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی محەممەد و خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو"، بە یەک ساڵ و یەک ڕۆژ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، تۆمەتبار کردووە و ئەو حوکمە ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕێبەندان، بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندان، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بەڕێوە چووبوو کە لەو کۆبوونەوەیەدا ناوبراو بە حوکمی دادوەر ڕەوانەی زیندانی ورمێ کرابوو.

تاهیر حوسێن‌زادە، ٢٦ی ڕەزبەری ئەمساڵ، بە تۆمەتی "چالاکیی مەزهەبی"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە پاش ٢١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.