سێ هاووڵاتیی کورد لە شاری مەریوان دەسبەسەر کران

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەزەڵوەر، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەلاح پوور‌کەیوان" تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی ئەحمەد، "ئاراس قادری" تەمەن ٢٢ ساڵ کوڕی کاوە و "مۆحسێن ڕەسائی" تەمەن ٢٠ ساڵ کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی "سەردۆشـ"ـی شاری مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام ماوەتەوە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی دژی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەر، لاوێکی کورد بە ناوی "عەتا فەتاحی" تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی "سەردۆش" سەر بە شاری مەریوان، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

وێنە: ئاراس قادری، موحسین ڕەسائی و سەلاح پوورکەیوان