سینا مینایی بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

13:15 - 9 گەلاوێژ 2722

لاوێکی کورد بە ناوی "سینا (کەریم) مینایی" کوڕی مستەفا خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شاری شنۆ، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری و سێ ساڵ زیندانی تەعلیقی، مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە "هاوکاری و ئەندامبوون لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار کردووە.

ئەو حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٩ی گەلاوێژ، بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز١٤٠٠، ئەو لاوە کوردە بە دانانی بارمتە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ئازاد کرابوو.

سینا مینایی لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری بووە.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەر ١٤٠٠، ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ لاوێکی دیکە بە ناوی "عەبدوڵڵا یووسفی"، خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوون.

سینا مینایی، ساڵی ٩٩، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.