زیندانی نەغەدە؛ ڕێگریکردن لە دانی مەرەخەسیی دەرمانی بە ئیسماعیل محەممەدپوور

12:52 - 24 خەرمانان 2722

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار ڕێگری لە دانی مەرەخەسیی دەرمانی بە ئیسماعیل محەممەدپوور، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی نەغەدە دەکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی خەرمانان، ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ ئەنجامدانی تاقیکاریی دڵ ڕەوانەی نەخۆشخانەی نەغەدە کرابوو و دەسبەجێ بۆ زیندانی گەڕاێندرابووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو؛ پزیشکەکان داوای  چارەسەریی پزیشکی و دانی مەرەخەسیی دەرمانیان بۆ ئیسماعیل محەممەدپوور کردبوو، بەڵام ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار ڕێگری لە دانی مەرەخەسی بو ناوبراو کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند؛ سەرەڕای ڕەزامەندیی دادستانی پیرانشار، سەبارەت بە دانی مەرەخەسیی دەرمانی بەو زیندانییە سیاسییە، ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، لەگەڵ داوای مەرەخەسیی دەرمانیی ئیسماعیل محەممەدپوور دژایەتی کردووە.

ئیسماعیل محەممەدپوور، سەرەڕای نەخۆشیی دڵ، لە دەوا و دەرمان و دەستپێڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی پزیشکی بێبەری کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠، ئەو زیندانییە سیاسییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە، کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٣٠ی بەفرانباری ساڵی ٩٩، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری پیرانشار، بە سەرۆکایەتی دادوەر "عەبدوڵڵا ئاقایی" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئیسماعیل محەممەدپوور ئێوارەی یەکشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٩، دسبەسەر و ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەزی هەمان ساڵ پاش لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کرابوو.