دوو زیندانیی لە شاری ئیلام لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩٧ ئێعدام کراون

15:57 - 7 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، باسی لە سێدارەدانی دوو زیندانیی لە زیندانی ناوەندی شاری ئیلام، کرد.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە هەواڵێکدا، بڵاوی کردبووە، کە بەپێی زانیارییە دەسکەوتووەکان، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لانیکەم دوو زیندانیی لە زیندانی ناوەندی شاری ئیلام بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" لە سێدارە دراون و هەروەها هێندێک لە سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە یەکێک لە سێدارەدراوەکان، لە کاتی دەسبەسەریدا، تەمەن لە ژێر ١٨ ساڵ بووە.

بە وتەی ئەم ڕێکخراوە مافی مرۆییە، سەرلە بەیانی ڕۆژی ٢٦ی بەفرانباری ساڵی ٩٧، لانیکەم دوو زیندانیی لە زیندانی ناوەندی شاری ئیلام ئێعدام کراون. ئەم دوو زیندانییە لە دوو دۆسیە جیاجیا بە تۆمەتی \"کوشتنی بە ئەنقەست\" بە \"قیساس\" مەحکووم کرابوون.

ڕیکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، شوناسی ئەو دوو زیندانییەی بە ناوەکانی \"مەسعوود نازری\" کوڕی فازڵ کە لە تەمەن ١٩ ساڵێدا و بە هۆی شەڕ کردنی تووشی قەتل ببوو و لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا، حوکمی لە سێدارەدانی جێبەجێ کراوە و هەروەها \"فەرهاد ئەکبەری\" کوڕی حەیدەر لە کاتێکدا کە تەمەن ١٥ ساڵ و ٩ مانگ بووە، بە هۆی شەڕ کردن تووشی قەتڵ ببوو، راگەیەندراوە.

لە سێدارەدانی ئەم دوو زیندانییە، سەرەڕای تێپەڕینی سێ مانگ بە سەر لە سێدارەدانی ئەو دوو لاوە، لە لایەن هیچکام لە میدیا حکوومەتییەکانەوە، بڵاو نەکراوەتەوە.