۱۱ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «دانیال باشی»، لاوی تەمەن ۲۳ ساڵی خەڵکی ئاوایی «گەنجە» سەر بە شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «دانیال باشی» ڕۆژی سێشەممە ۷ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپاوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
«دانیال باشی» پێشتریش لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ ماوەیەک بەشێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم لاوە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.





