۱۱ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ ڕۆژی ڕابردوو «محەممەد عیبادی»، مێرمنداڵی ۱۶ ساڵەی خەڵکی «تیکاب»، دوای چەندین جار بانگکردن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی تیکاب و لێپرسینەوەی چەند کاتژمێری، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەم ناوەندەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: «محەممەد عیبادی» ڕۆژی هەینی ۱۰ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە. ناوبراو لە ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین جار بانگی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوو و هەر جارێک بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر کەوتبووە بەر لێپرسینەوە.

«مەحەممەد عیبادی» پێشتر لە تاران لە کافەیەکدا کاری دەکرد. تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم مێرمنداڵە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندیی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

لە هەمان پەیوەندیدا، ۲۲ی خەرمانانی ۱۴۰۵، «سیامەک موفیدی» و «سرووش عێنایەتی»، دوو مێرمنداڵی کوردی دەسبەسەرکراو، دوای ۹ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و دوای پێکهێنانی دۆسییەی ئەمنی بۆیان، لەلایەن دامەزراوەی ئەمنیی ئیدارەی ئیتلاعاتی تارانەوە، هەرکامەیان بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی، بەشێوەی کاتی لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی منداڵان لە تاران ئازاد کران. ئەوان لە ماوەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کرابوون. ١٨ی خەرمانانی ۱۴۰۵، «سیامەک موفیدی» و «سرووش عێنایەتی»، دوای ۵ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، تۆمەتی وەک «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی»، «پڕوپاگەندە دژی نیزام» و «تێکدانی نەزمی گشتی»یان درایە پاڵ. دۆسییەسازیی ئەمنی دژی ئەم دوو مێرمنداڵە پێش دەسبەسەرکرانیان ئەنجام درابوو و بۆ ئازادیی کاتیی هەرکامەیان، بارمتەی قورسی ۷ میلیارد تمەنی داوا کرابوو. ئەم دوو مێرمنداڵە ئەوکات لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی منداڵان لە تاران ڕاگیرابوون. ئەم دوو مێرمنداڵە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا لە کافەیەک لە تاران خەریکی کار کردن بوون.