١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ نزیکەی حەوت مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی «شێخ زاهێد شەهابی»، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لە کەسایەتییەکانی تەسەوف و دادخوازی کوژرانی براکەی «شێخ ئازاد شەهابی» تێدەپەڕێت. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری هەڵبژێردراو و ئازادیی کاتی بێبەش کراوە و لە دۆخێکی ناڕوون و نیگەرانکەردا بەسەر دەبات. هەروەها لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی بووەتەوە و کێشی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. دۆخێک کە نیگەرانییەکانی لەبارەی تەندروستی و چارەنووسی ناوبراو زیاتر کردووە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، شێخ زاهێد شەهابی کە زیاتر لە ۲۰۹ ڕۆژە لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەدایە، لەم ڕۆژانەی دواییدا و دوای نزیکەی شەش مانگ، بۆ یەکەمجار ڕێگەی پێدراوە چاوی بە بنەماڵەکەی بکەوێت. ئەم سەرچاوەیە باسی لە دابەزینی بەرچاوی کێشی ناوبراو کردووە و رایگەیاندووە کە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی دراوە. هەروەها ئیتلاعاتی سپای سەقز ڕێگریی لە دیاریکردنی پارێزەر بۆ دۆسییەکەی و بەهرەمەندبوونی لە ئازادیی ناوبراو کاتی کردووە. کۆی ئەم گوشارانە و دۆخی ناجێگیری تەندروستیی ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، نیگەرانییەکانی لەمەڕ دۆخی ناوبراو زیاد کردووە.
کۆتاییەکانی خەرمانانی ۱۴۰۵، کوردپا ڕاپۆرتی بڵاو کردەوە کە شێخ زاهێد شەهابی دوای چەند مانگ بەندکران و لێپرسینەوە لە ژووری تاکەکەسی ، دابڕگە و بەندیخانەی قوروە، بۆ یەکێک لە بەندەکانی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گوازراوەتەوە. ئەو هەروەها لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری بووە و لە دۆخێکی ناروندایە و لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەشی بێبەری بووە.
شێخ زاهێد شەهابی ڕۆژی ۱۷ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە لە سەقز و بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەر کرا. ناوبراو لە ڕۆژانی یەکەمدا ڕەوانەی قوروە کرا و چەند مانگ لە گرتنگەی ئەمنییەتیدا لێپرسینەوەی لێ کرا و پەیوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی پچڕابوو .
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکرانی "شێخ زاهیذ شەهابی" زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
پێشینەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی شێخ زاهێد شەهابی
شێخ زاهید شەهابی ڕۆژی دووشەممە ۴ی خاکەلێوەی ۱۴۰۴، کاتژمێر ٥ی سەرلەبەیانی، بە هێرشی هێزەکانی ئیتلاعاتی سەقز و بە بێ بەڵگەی یاسایی بۆ سەر خانەقای "ڕێگای ئازادی" دەسبەسەر کرا و ڕەوانەی ئیتلاعاتی سەقز کرا؛ هێزەکانی ئیتلاعاتی سەقز بێڕێزییان بە بنەماڵەی شێخ زاهید شەهابی کرد و دەستیان بەسەر مۆبایل و هەندێ کەلوپەلی تایبەتی خۆیدا گرت. ئەم دەسبەسەرکرانە لە درێژەی سەرکوتکردنی نەورۆزی کوردستاندا بوو، دوای ئەوەی ناوبراو لە ۲۴ی ڕەشەمەی ۱۴۰۳ لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی کێوی جاقلدا، پەیمانی لەگەڵ شەهیدان نوێ کردبووەوە و دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» وتبووەوە. ڕۆژی ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ بۆ لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سنە ڕاگوێزرا و تەنیا دوو جار لەگەڵ بنەماڵەکەی پێوەندیی گرت؛ ٤ی بانەمەڕ بڕاری دەسبەسەرکردنەکەی بۆ مانگێکی دیکە درێژ کرایەوە و لەم ماوەیەدا لە دەستراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرا. سەرەنجام لە ڕۆژی چوارشەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠٤دا و پاش ٦٦ ڕۆژ دەسبەسەرکانی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی سەقز ئازاد کرا.
جێژنی نەورۆزی کێوی "جاقل" و وتەانی شێخ زاهێد شەهابی کە بووە هۆی دەسبەسەرکرانی ناوبراو؛
ڕۆژی هەینی ۲۴ی ڕەشەمەی ۱۴۰۳، لە جێژنی نەورۆزی کێوی جاقلدا، شێخ زاهێد شەهابی لە پەیامێکدا ڕوو لە خەڵک باسی لە نوێکردنەوەی پەیمانی وەفاداری لەگەڵ شەهیدان و پێداگری لەسەر یەکیەتی و ئازادی کرد و لەگەڵ بەشداربووان دروشمی ژن، ژیان، ئازادیی وتەوە. هێزە حکوومەتییەکان بە جێگیرکردنی ماشینەکانی خۆیان و تەیارکردنیان بە چەکی دۆشکا لە نزیک کێوی جاقل و بە بەکارهێنانی پەهباد بۆ فیلم هەڵگرتنەوە، هەوڵیان دا بە دروستکردنی ترس پێش بە بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمە بگرن؛ بەم حاڵەوە جێژنی نەورزۆی جاقل بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک، هەڵکردنی ئاگر، هەڵپەڕکێ و سەمای جامانە بەڕێوە چوو. ئاگری ئەم ڕێوڕەسمەش لەلایەن شێخ ئازادەوە هەڵکرا.
وڵامنەدانەوە لە پەیوەندی لەگەڵ کوژرانی شێخ ئازاد شەهابی و مەحکوومکردنی گێڕانەوەی حکوومەت لەلایەن بنەماڵەکەیەوە؛
کوردپا لە ۶ی خەرمانانی ۱۴۰۳، ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی "یەکێک لە نزیکانی شێخ ئازاد شەهابی؛ بۆچی کۆماری ئیسلامی پێویستی بە حەزفی فیزیکیی ئەو بوو؟" بڵاو کردەوە. ئەم راپۆرتە بە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە کەسانی نزیکیشێخ ئازاد، باسی لە ناروونییەکان سەبارەت بە کوژرانی ئەو و دوو هاوڕێکەی، لەوانە شێوەی پیڕاگەیشتنی پزیشکی، ئامادەبوون و دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەتییەکان، دەستداگرتن بەسەر ئارشیڤی ڤیدیۆ تۆمارکراوەکانی خانەقاکە و ناڕوونی لەبارەی کەسێک کرد کە کۆماری ئیسلامی ئیدعای کوژرانی کردبوو. کەسانی نزیکی شێخ ئازاد بە پشتبەستن بەم حاڵەتانە، کوشتنی ناوبراوی وەک "کوشتنی سەروویاسایی" یان "تێرۆری حکوومەتی" زانیوە و باوەڕیان وایە کە گوشارە ئەمنییەتییەکان لە دژی ناوبراو چەندین ساڵ درێژەیان بووە. شێخ ئازادیش جەختی کردبوویەوە کە خوازیاری ناسینەوەی تەقەکەران نییە، بەڵکوو بە دوای ڕوونبوونەوەی بڕیاردەران و پشت پەردەی ئەم کوشتنەیە و وڵامی حکوومەت تەنیا لە ڕێگەی یاسایی و فەرمییەوە قەبووڵ دەکات. بەم حاڵەوە پاش کوژرانی شێخ ئازاد و هاوڕێکانی، هیچ وڵامێکی ڕوونیان سەبارەت بە ڕەوتی دۆسییەکە، چارەنووسی لێکۆڵینەوەکان یان ئیدعای کوژرانی کەسێک کە حکوومەت ئەوەی وەک هۆکاری کوشتن ناساندبوو، بە بنەماڵەکە نەدرابوویەوە. بنەماڵەکە هەروا بە خۆدوورگرتن لە هەوڵی تۆڵەکردنەوە، لەسەر بەدواداچوونی درێژماوە و مافی مرۆیی دۆسییەکە و وڵامدەرکردنی کۆماری ئیسلامی پێداگرن.
شێخ زاهێد شەهابی؛ دەستپێکردنی دادخوازیی گشتی بۆ ڕوونبوونەوەی ڕاستیی کوژرانی شێخ ئازاد؛
خەرمانانی ١٤٠٣، ڕاپۆرت بڵاو کرایەوە کە نزیکەی دوو مانگ پاش کوژرانی شێخ ئازاد شەهابی و دوو هاوڕێکەی، زاهێد شەهابی برای ئەو بە بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی، ڕایگەیاندووە کە بنەماڵەکەیان بە هۆی ناڕوونی و وڵامدەرنەبوونی دادپەروەرانە سەبارەت بە دۆسییەکەی، بەدواداچوون بۆ دادخوازیی خۆی لە ئاستی گشتی، کۆمەڵگەی مافی مرۆیی و ناوەندە نێودەولەتییەکاندا دەکات. زاهێد شەهابی جەختی کردبوویەوە کە چیدیکە بێدەنگ نابێ و گۆڕانی "تێرۆر"ی شێخ ئازاد بە "کوشتن" لەلایەن دەزگا ئەمنییەتی و دادوەرییەکانەوە وەک پێشێلکرانی مافی بنەماڵەکەی و بێڕێزی بە قوربانییان و کۆمەڵگەی مەدەنی زانیبوو. لە هەمانکاتدا پاش چەند حەفتە بێ ئاگابوونی بنەماڵەکە لە ڕەوتی دۆسییەکە، ئاگادارکردنەوەیەکیان پێ گەیشت کە تا ماوەی پێنج ڕۆژ بۆ ڕاگەیاندنی سکاڵای قیساس و دیە سەردانی لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتیی و ئینقلابی سەقز بکەن؛ ئەمە لەکاتێکدا بوو کە بنەماڵەکە هێشتا خوازیاری ڕوونکردنەوە سەبارەت بە ڕەوتی دۆسییەکە و وڵامدەربوونی فەرمی سەبارەت بە کوژرانی شێخ ئازاد و هاوڕێکانی بوون.
هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر خانەقای ڕێگای ئازادی. لێدان و گوشار خخستنەس ەر شیخ ئازاد بۆ دادخوازی؛
کوردپا لە ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣دا بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆگەلێک باسی کردبوو کە شەوی ٢٣ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەتییەکان دوای نووسینی وشەی "شەهید" و شێعری کوردی لەسەر بەردی مەزاری شێخ ئازاد شەهابی، بە بێ بەڵگەی ئاسایی هێرشیان کردە سەر خانەقای "ڕێگای ئازادی"ی سەقز و ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵە لەوانە ژنان، و دەروێشەکانی خانەقایان دایە بەر لێدان. هێزە ئەمنییەتییەکان هاردی کامێراکانی خانەقاکەیان برد و ڕێگاکانی گەیشتن بە خانەقاشیان خستە ژێر ڕێوشوێنی ئەمنییەتی توندەوە. ئەم هێرشە لە دۆخێکدا بووە کە بنەماڵەی شەيهابی پێشتر بە هۆی ناڕوونی و وڵامدەرنەبوونی حکوومەت لەبارەی کوژرانی شێخ ئازاد دادخوازیی خۆیان لە ئاستی گشتی و لای کۆمەڵگەی مافی مرۆڤ و نێونەتەوییشدا باس کردبوو و خوازیاری پێڕاگەیشتنی دادوەری بە دۆسییەکە و ڕوونبوونەوەی ڕاستیی کوشتنی ئەو بوون.





