تەقینەوەی مین لە خووزستان سێ قوربانیی لێکەوتەوە
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە چێندراو و کۆنەکراوەکانی شەڕی ئێران و عێراق، لە شاری "بستان"ی پارێزگای خووزستان، هاووڵاتییەک کوژرا و دوو هاووڵاتیی دیکە بەسەختی بریندار بوو.
ڕۆژی هەینی، ٢٠ی ڕەزبەر، بەهۆی تەقینەوەی مین، هاووڵاتییەک بە ناوی "ڕەحیم ڕاشدی" کوڕی "داهی"، گیانی لەدەست دا و دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "کەریم لەتیفی" کوڕی "ئەحمەد" و "ڕەسووڵ ڕەشیدی" کوڕی "عەبوود"، بەسەختی بریندار بوون.
فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی شاری بستان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاند: "ئەو ڕووداوە لە گوندی نەبعەی شاری بستان ڕوویداوە کە بوو بەهۆی قوربانیبوونی ئەو سێ کەسە".
"مووسەوی"، هۆکاری تەقینەوەی ئەو مینەی بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەی ئاسنەواڵە و پریشکەی تەقەمەنییەکان لە لایەن ئەو سێ هاووڵاتییەوە گەڕاندەوە.
زیاتر لە ٤ هەزار هێکتار لە زەوییەکانی پارێزگای خووزستان لە شارەکانی "دەشتی ئازادگان، هوێزە، بستان، خۆڕەمشار و شەلەمچە"، ئالوودە بە مین و کەرەستە تەقەمەنییەکانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقە.
بوونی مینە بەجێماوەکان لە کاتی شەڕ، ئەمنییەت و تەندروستیی دانیشتووانی ئەو ناوچەیەی خستووەتەوە مەترسییەوە.