بڕینەوەی حوکمی ئێعدام و داسەپاندنی ٣٣ ساڵ زیندان بۆ ٧ هاووڵاتیی کورد

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕ، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شێخلوو" هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مەحیەدین تازە وارد" خەڵکی شاری شنۆ، بە ئێعدام و ٦ هاووڵاتیی دیکە بە ٣٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

بەپێی ئەو حوکمە، "مەحیەدین تازە وارد" کوڕی "یووسف" خەڵکی شاری شنۆ بە تۆمەتی "مەحاربە" بە ئێعدام، "عەبدولسەلام مەردان" کوڕی "محەممەد" خەڵکی شنۆ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکان" بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "حیسام محەممەدی خاجلوو" کوڕی "حوسێن" خەڵکی شنۆ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری، "نیزام نادری" کوڕی "ڕەحمان" خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری، "عەلیڕەزا فەتاح مورادی" کوڕی "سدیق" خەڵکی بۆکان بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکان" بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری، "جەلال ڕۆستەمی نەوروزلوو" کوڕی "ئەبووبەکر" خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری و مەلا "ڕەحمەت نسوحی" خەڵکی مەهاباد بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە توندڕەوە مەزهەبییەکان" بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

"مەحیەدین تازە وارد، عەبدولسەلام مەردان، حیسام محەممەدی خواجلوو و نیزام نادری"، ڕێکەوتی ٧ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

هەروەها "عەلیڕەزا فەتاح مورادی"، ڕێکەوتی ١٦ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ و "جەلال ڕۆستەمی نەوروزلوو"، ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

"مەحیەدین تازە وارد" لە زیندانی ورمێدایە و ٦ هاووڵاتییەکی دیکە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون.