ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لاوێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی «سەنعان فەراست» خەڵکی شنۆ، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە ساڵێک و ٤ مانگ بەندکردنی داسەپاو مەحکووم کرا.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کورپا، دادگای ئینقلابی شنۆ ئەم هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران» بە ساڵێک بەندکردنی داسەپاو و بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» بە چوار مانگ بەندکردنی داسەپاو مەحکوم کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: سەنعان فەراست لە قۆناغەکانی دەسبەسەربوون و دادگاییکردندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراو بێبەش کرابوو.
سەنعان فەراست لە ڕێکەوتی یەکی خەرمانانی ١٤٠٥دا بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا و پاش دوو ڕۆژ دەسبەسەرکران و کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ ملیۆن تومانی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.





