١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سێ هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی «سەدرەدین ئیسماعیلزادە»، «کۆمار ڕۆیان» و «زاهید سەیدکەریمی» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. ئەم هاووڵاتییانە تاکوو ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندیی تلفۆنی بێبەش کراون.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هێرشکردنە سەر شوێنی کاری «کۆمار ڕۆیان»، کوڕی هەژار، تەمەن ٢٢ ساڵان و خەڵکی گوندی «شاوانە»ی سەر بە شنۆ، ناوبراویان بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی «سەدرەدین ئیسماعیلزادە»، کوڕی سەعید، تەمەن ٣٤ ساڵ و خەڵکی هەمان گوند، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
لەلایەکی ترەوە، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەری ١٤٠٥، هاووڵاتییەکی تر بە ناوی «زاهید سەیدکەریمی»، کوڕی سەیدمحەممەد و خەڵکی گوندی «باب خاڵاوی»ی سەر بە شنۆ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان دەوروبەری کاتژمێر ٣ی بەرەبەیان، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەی چەکدارانە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە تاکوو ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندیی تلفۆنی بێبەش کراون.





