٣ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ «ڕەزا تیج»، لاوی ٢٣ ساڵانی خەڵکی ئاوایی «پاکەڵگەڕاو» سەر بە شاری بەدرە لە پارێزگای ئیلام و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا جارێکی دیکە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابووەوە، دوای پێنج ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ۲ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند کە بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٥، «ڕەزا تیج» دوای پێنج ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتەی ۲ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

٢٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥، هێزە ئەمنییە جل ‌شەخسییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی «ڕەزا تیج» و بەبێ بەڵگەی یاسایی، ناوبراویان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە. ئەم لاوە کوردە پێشتریش لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا، لە ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندانی هەمان ساڵدا دەسبەسەر کرابوو و دوای ماوەیەک بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنەوەی ئەم گەنجە کوردە دیار نییە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەم بارەیەوە نەداوە. هەروەها ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکردنی ئەم دواییەییدا لە مافی دەستڕگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.