٣ی ڕەزبەری ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٤ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «پەریا نەسیری»، قوتابی ١٧ ساڵانی خەڵکی نەغەدە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ئەم مێرمنداڵە لە دوای هێرشی توندوتیژی هێزەکانی ئیلاعاتی سپا بۆ سەر قوتابخانەکەی و لە کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندندا لە پۆلی خوێندن دەسبەسەر کراوە. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکرانیەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت پێوەندییەکی تلفۆنیی کورت لەگەڵ نزیکەکانی بێبەش بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند کە ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٥، «پەریا نەسیری»، کچی ناسر، قوتابی ١٧ ساڵانی خەڵکی نەغەدە و قوتابی دواناوەندیی دەوڵەتی و کچانی پیشەیی «شەرەف»، هەڵکەوتوو لە شەقامی «شەهید موتەهەری ٢»، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکانی ئیلاعاتی سپا بۆ سەر ئەم قوتابخانەیە دەسبەسەر کرا. بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی، ئەم قوتابییەیان لە پۆلی خوێندن و بە شێوازێکی توندوتیژ، لەگەڵ دروستکردنی ترس و تۆقاندنی توند لە ژینگەی قوتابخانە و پۆلدا، دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٤ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی ئەم مێرمنداڵە ١٧ ساڵانە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی نزیکەکانی، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. پەریا نەسیری لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش بووە و تەنانەت دەرفەتی پێوەندییەکی تلفۆنیی کورتیشی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.
هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هێزە ئەمنییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و توندوتیژی ئەم قوتابییە ١٧ ساڵانەدا هیچ ڕونکردنەوەیەکیان نەداوە و سەبارەت بە بارودۆخی ئەو وڵامدەر نەبوون. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک سەرچاوە بە کوردپایان ڕاگەیاندووە کە دەسبەسەرکرانی ناوبراو پەیوەندیی بە «قسەکردن لەسەر یەکێک لە ناوەندەکانی سپا لە دەوروبەری قوتابخانە»وە هەبووە؛ بانگەشەیەک کە کوردپا ناتوانێت بە سەربەخۆیی پشتڕاستی بکاتەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، هێرشی توندوتیژ و ترسێنەری هێزەکانی ئیلاعاتی سپا بۆ سەر قوتابخانەکان، جێگیرکردنی کەرەستەی سەربازی، دروستکردنی فەزای پادگانی و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی قوتابییان — لەوانەش حاڵەتی دوایی واتە «پەریا نەسیری»، قوتابی ١٧ ساڵانی خەڵکی نەغەدە — بە توندترین شێوە مەحکووم دەکات. کوردپا گۆڕینی ژینگەی فێرکاری بۆ بنکەی ئەمنیی و سەربازی لە مانگەکانی ڕابردوودا بە نموونەی ئاشکرای «پێشێلکاریی قورسی مافی منداڵان»، «سەندنەوەی ئارامیی ژینگەکانی فێرکاری»، «بێسەروشوێنکردنی کاتیی زۆرەملێ» و «ئشکەنجەی دەروونیی قوتابییان» دەزانێت. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا جەخت دەکاتەوە کە دەسەڵات لە مانگەکانی ڕابردوودا فەزای ئەمنی و سەربازی بەسەر قوتابخانەکاندا سەپاندووە و تەنانەت لە زۆر حاڵەتدا هێز و کەرەستەی سەربازی لە ژینگەی فێرکاریدا جێگیر کردووە؛ ڕەوتێک کە نیشاندەری قووڵبوونەوەی سەرکوتکاریی ڕووت، پێشێلکاریی ئاشکرا و پشتگوێخستنی ڕههای بەڵێننامە نێودەوڵەتییەکان لەوانە پەیماننامەی مافی منداڵ و بەیاننامەی قوتابخانە سەلامەتەکانە.





