۱۷ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ۵ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و دووبارەی «عەلی ڕیاحی»، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە. ئەو لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پەیوەندیی تلفۆنی بێبەش بووە. ئەم هاووڵاتییە کوردە لەحاڵێکدا بۆ دووهەم جار لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا دەسبەسەر کراوەتەوە کە دوای چەند مانگ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی، لە ناوەڕاستی مانگی خەرماناندا بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ڕۆژی یەکشەممە ۱۲ی ڕەزبەری ۱۴۰۵ هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کاری «عەلی ڕیاحی»، خەڵکی گوندی «قەرەقشڵاق» سەر بە ناوچەی «شاروێران»ی مەهاباد. پاشان ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی دووشەممە ۱۳ی ڕەزبەر، دوای بانگکران بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، «عەلی ڕیاحی» پێشتریش کۆتاییەکانی جۆزەردانی ۱۴۰۵، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو.
ئەو دوای چەند مانگ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ڕاگرتنی لە شوێنێکی نادیاردا، ناوەڕاستی خەرمانانی ۱۴۰۵ بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانەوەی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.





