۱۶ی ڕەزبەری ۱۴۰۵؛ ئەحمەدڕەزا حائیری، بەرگریکاری مافی مرۆڤ و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، هاووڵاتیی کوردی ئیلام و دانیشتووی تاران، بووە یەکێک لە پێنج براوەی خەڵاتی «بەرگریکارانی مافی مرۆڤی ژێر مەترسی» لە ڕێکخراوی فرانت لاین دیفێندەرز بۆ ساڵی ۲۰۲۶. حائیری چالاکییە مافی مرۆڤییەکانی خۆی لە ساڵی ۱۳۹۳دا و دوای ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە سەرکوت و لێدان و ئەشکەنجەدانی بەندکراوانی بەندی ۳۵۰ی ئێڤین دەست پێکرد و لەو کاتەوە لە بەرگریکردن لە مافی بەندکراوان و دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەداندا چالاک بووە. ئەو سەرەڕای چەندین جار دەسبەسەرکردن و حوکمدان، لە نامەنووسین، ئاشکراکردن و چالاکی دژی سێدارە بەردەوام بوو و لە ساڵی ۱۴۰۲دا بووە یەکێک لە دامەزرێنەرانی هەڵمەتی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان».
ڕێکخراوی فرانت لاین دیفێندەرز ڕایگەیاندووە کە شانازی دەکات لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە دوبلین، پێنج پارێزەری مافی مرۆڤ کە ئامادە نەبوون بێدەنگ بن، وەک "بەرگریکارانی مافی مرۆڤی ژێر مەترسیی ساڵی ٢٠٢٦ » بناسێنێت. ئەحمەدڕەزا حائیری، وەک چالاکوانێکی دژی سزای لەسێدارەدان لە ئێران کە تازە لە بەندیخانە ئازاد بووە، یەکێکە لە براوەکانی ئەم خەڵاتە. فرانت لاین دیفێندەرز هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ ئەوەی ئەحمەدڕەزا حائیری تازە ئازاد کراوە، هێشتا لە ئێرانە و نەیتوانی بچێتە دوبلین تاکوو خەڵاتەکەی وەربگرێت.
«ئالان گلاسگۆ»، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری فرانت لاین دیفێندەرز، بە ئاماژەدان بە دۆخی نیگەرانکەری بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا، وتی نەوەیەکی بەهێز لە بەرگریکاران بڕوایان بە داهاتوویەکی ڕوونتر هەیە و براوەکانی خەڵاتی ئەمساڵ هێمای ئەم شەپۆلە گۆڕانکارییەن؛ بەرگریکارگەلێک لە سەرانسەری جیهانەوە کە بە بوێری و بە شێوەیەکی ئاشتییانە بۆ دادپەروەری و یەکسانی وەستاونەتەوە و بەبوونی مەترسییەکانی وەک دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، ئەشکەنجە، هەڕەشەی مرگ، ئازاری دادوەری و بوختان، بێدەنگ نەبوون.
فرانت لاین دیفێندەرز سەبارەت بە ئەحمەدڕەزا حائیری نووسیویەتی: «ئەحمەدڕەزا حائیری» بەرگریکاری مافی مرۆڤی کورد و چالاکوانی دژی سزای لەسێدارەدانە کە ژیانی خۆی بۆ بەرگریکردن لە کەرامەت و مافە بنەڕەتییەکانی ئەوانی تر تەرخان کردووە. ئەو لە ڕێکەوتی ۹ی سێپتامبری ۲۰۲۶، دوای تێپەڕاندنی سێ ساڵ و نیو بەندکران، لە بەندیخانە ئازاد کرا؛ بەندکرانێک کە لە درێژەکەیدا، نە هێرشە فیزیکییەکان، نە ژووری تاکەکەسی و نە ئازاری دادوەری نەیتوانی خەوشێک بخاتە سەر بوێریی ئەو لە بەرگریکردن لە مافی بەندکراوان، لەوانەش مافی ژیانیان.
ئەحمەدڕەزا یەکێکە لە دەستپێکەرانی هەڵمەتی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان»، بزووتنەوەیەکی خۆڕسک و بە ڕێبەرایەتی بەندکراوان دژی لەسێدارەدان لە ئێرانە. ئێستا بەندکراوان لە دەیان بەندیخانەدا، هەر سێشەممەیەک ــ لەسێدارەدانەکان زۆربەی کات لە ڕۆژی چوارشەممەدا جێبەجێ دەکرێن ــ لە مانگرتنی حەفتانەدا، سەرباری دەرئەنجامە قورسەکان، بەشداری دەکەن.
فرانت لاین دیفێندەرز، بە ئاماژەدان بە یەکێک لە وتەکانی ئەحمەدڕەزا حائیری لە خەباتەکەیدا دژی سێدارە، هێناویەتی: «ئەوان مردنیان دەوێت، لەکاتێکدا ئێمە بۆ ژیان خەبات دەکەین. من دڵنیام لە خەباتماندا بۆ مافی ژیان، هیچ شکستێک لە ئارادا نابێت.»
کورتەیەک لە دۆسییە و چالاکییەکانی ئەحمەدڕەزا حائیری (۱۳۹۳ تا ۱۴۰۵)
دەستپێکی خەبات لە پێنجشەممەی ڕەشی ئێڤینەوە (۱۳۹۳ - ۱۳۹۹)؛
- خاڵی دەستپێکی دۆسییەی دادوەریی ئەحمەدڕەزا حائیری دەگەڕێتەوە بۆ ۲۸ی خاکەلێوەی ۱۳۹۳ و هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر بەندی ۳۵۰ی بەندیخانەی ئێڤین. لە ۲ی گوڵانی هەمان ساڵدا، کۆمەڵێک لە بنەماڵەکان و هاووڵاتییان لە ناڕەزایەتی بەرانبەر بە لێدان و ئەشکەنجەی توندی بەندکراوان لە بەردەم نووسینگەی سەرۆککۆمار کۆ بوونەوە. حائیری ۲۰ ڕۆژ دواتر (۲۲ی بانەمەڕی ۱۳۹۳) لەلایەن قەرارگای ساروڵڵاوە دەسبەسەر کرا. لقی ۱۵ی دادگای ئینقلاب (قازی سەڵواتی) سزای ۳ ساڵ و ۶ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاند. ئەم سزایە لە دیوانی باڵادا هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام دادگای پێداچوونەوە (دادوەر زەرگەر و دادوەر بابایی) لە کۆتاییدا سزای ۶ مانگ بەندکران و ۷۴ قامچیی بەسەردا سەپاند. سزای قامچی لە ۴ی گەلاوێژی ۱۳۹۹دا جێبەجێ کرا و ئەو دوای تێپەڕاندنی بەندکران لە فشافوویە، لە ۱۷ی ڕەزبەری ۱۳۹۹دا بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا.
ئاشکراکردن سەبارەت بە مردنی بەندکراوان و دەسبەسەرکردنەوە (۱۴۰۰ - ۱۴۰۲)؛
- حائیری دوای ئازادبوون بێدەنگ نەبوو؛ لە ۱۷ی خەرمانانی ۱۴۰۰دا لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە پێشهاتەکانی ئهفغانستان بەشداری کرد و هاوکات سەبارەت بە مردنی گوماناویی بەندکراوان (لەوانەش ساسان نیکنەفەس و ئەمیرحوسێن حاتەمی) ئاشکرای کرد کە تووشی سکاڵای ڕێکخراوی بەندیخانەکان بووەتەوە. لە ۱۱ی جۆزەردانی ۱۴۰۱دا ئیتلاعاتی سپا ماڵەکەی پشکنی و لە ۶ی پووشپەڕدا دەسبەسەری کرد. لقی ۲۶ی دادگای ئینقلابدا سزای ۳ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاند. ئەو لە ۱۹ی بانەمەڕی ۱۴۰۲دا خۆی بۆ جێبەجێکردنی سزا ڕادەست کرد و بۆ قزڵحەسار دوور خرایەوە. لە جۆزەردانی ۱۴۰۲دا دادگایەکی غیابیی تر سزای ۳ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاند و لە ڕەزبەری ۱۴۰۲دا لە ڕێگەی نامەیەک بۆ ئێژەیی، دوورخرانەوە بە کۆت زنجیر و بێبەشبوون لە دیداری کچەکەی (هەستی) ئاشکرا کرد.
نامەنووسینەکان، ئاشکراکردنە بوێرانەکان و هەڵمەت دژی سێدارە (۱۴۰۲ - ۱۴۰۳)؛
- ئاشکراکردنی سێدارەی دەستکرد: لە سەرماوەزی ۱۴۰۲دا حائیری بە قەبووڵکردنی مەترسیی گیانی، ئەشکەنجە و «سێدارەی دەستکرد»ی سامان یاسینی ئاشکرا کرد و لە نامەیەکدا بۆ ئێژەیی داوای پێداچوونەوەی کامێراکانی بەندی ۲۴۰ و پێکهێنانی کۆمیتەی ڕاستی دۆزینەوەی کرد.
- هەڵمەتی سێشەممەکانی نا بۆ سێدارە: لە ڕێبەندانی ۱۴۰۲دا دوای هێرشی گاردی بەندیخانە بۆ سەر بەندەکە، ئەو لەگەڵ ۹ بەندکراوی تر (لەوانەش سەعید ماسووری، جەعفەر ئیبراهیمی و حەمزە سواری) بووە بناغەدانەری مانگرتنی حەفتانەی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان» و داوای لە نێدا ئەلناشف (بەرپرس لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان) کرد سەردانی قزڵحەسار بکات.
- ئاشکراکردن و بەیاننامەکان: لە ڕەشەمەی ۱۴۰۲دا گواستنەوەی بەندکراوان بە زنجیر بۆ پای سێدارەی وەک «سەمفۆنیی سێدارە» ناودێر کرد. لە پووشپەڕی ۱۴۰۳دا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی بایکۆت کرد. لە خەرمانانی ۱۴۰۳دا لە نامەیەکی هاوبەشدا بێبەشبوونی دەرمانیی بەندکراوە نەخۆشەکانی وەک «کوشتنی سیستماتیک و کوشتاری سپی» ناو برد.
- ئاشکراکردنی شاراوەیی دادوەری: لە خەزەڵوەری ۱۴۰۳دا ئاشکرای کرد دادوەر عەباسعەلی حۆزان (لقی ۳۶) لە ئاکامی تووڕەییدا ۲۰ مانگ بەندکرانی زیادەی بۆ بڕیوەتەوە و ساڵێک ئەم حوکمەی شاردووەتەوە تا ڕێگری لە داواکاری پێداچوونەوەی لە دیوانی باڵادا بکات.
- هەڵوێستی سیاسی: لە سەرماوەزی ۱۴۰۳دا دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد لە نامەیەکدا نووسی: «دەسەڵاتداریی کەمینە مێژووی بەسەرچوونی حەتمیی هەیە» و وڵامی نووسراوی بە لێکۆڵەران نەدا. ئەو هەروەها ئاماژەی بە مەترسییەکانی تێرۆری قازییەکانی دیوانی باڵا لەسەر چارەنووسی بەندکراوان و بڕیارنامەی دادستانی مەلارد بۆ خێراکردنی سێدارەکان دا.
خۆڕاگری لە بەرانبەر هێرشەکان، دۆسییەسازیی نوێ و ئازادی (۱۴۰۴ - ۱۴۰۵)؛
- بانەمەڕی ۱۴۰۴ حائیری بۆ دادخوازیی موحسین لەنگەرنشین نامەی نووسی و لە فایلێکی دەنگیدا ئاشکرای کرد کە بەهۆی بێبەشکردنی پارێزەرانی تۆمەتبارانی سێدارە هاواری بەسەر قەناعەتکار (سەرۆکی دادسرا)دا کردووە. لە پووشپەڕی ۱۴۰۴دا دوای دەسبەسەرکردنی براکەی سەجاد، هۆشداری دا کە بە گیانی بەرەنگار دەبێتەوە. لە ۴ی گەلاوێژی ۱۴۰۴دا لە ڕەوتی هەڵکوتانی ۱۰۰ هێزی گاردی تایبەتدا بۆ ژووری تاکەکەسی گوێزرایەوە. لە ڕێبەندانی ۱۴۰۴دا بەهۆی هەڵمەتی نا بۆ سێدارە بۆ شۆرای ئینزیباتی ڕاکێشرا و هاوکات لەلایەن هەندێک مۆرەی بەکرێگیراوەوە لە بەندیخانەدا هەڕەشەی کوشتن و چەقۆکێشانی لێکرا. لە بانەمەڕی ۱۴۰۵دا دیسان بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس تۆمەتی پێ ڕاگەیەندرا.
- دوا دۆخی ئەوەیە کە لە ۱۷ی خەرمانانی ۱۴۰۵دا بە کۆتاییهاتنی تەواوی سزاکەی، لە بەندیخانەی قزڵحەسار ئازاد کرا.





