٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ بە دەسبەسەرکردنی «حوسێن عەلیزادە» و «حەمید شا‌محەممەدی»، ژمارەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە ئاودانان لە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەرانبەر بە گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئەم شارە لە وەرگەڕانی کارەساتباری ئوتوبووسی کارمەندانی کۆمپانیای پێترۆپالایش، گەیشتە ١٢ کەس. ئەم هاووڵاتییانە دوای دەسبەسەرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە و تا ئێستا، سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە دوای ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئاودانان، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی ئاودانانی دەسبەسەر کران کە تا ئێستا ناسنامەی ١٢ کەسیان بۆ کوردپا پشتڕاست کراوەتەوە؛ «سینا دەرویشی» مێرمنداڵی ١٥ ساڵە، «ئیرەج حەیدەری»، «سەعید عەبدوڵڵاهی»، «ئەسغەر ئەکبەری»، «ئارمین سلێمانی»، «بێهنام مورادی»، «پەیمان کەریمزادە»، «شەهرام جاویدانە»، «مەیسەم نەزەری» پەرستار، «محەممەدحوسێن کاویانی»، «حوسێن عەلیزادە» و «حەمید شامحەممەدی» ناوی ئەو کەسانەن کە دەسبەسەر کراون. هەروەها «موحسین باویر» یەکێک لەو کەسانە بوو کە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک دەسبەسەر کرا و دواتر ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییانە لە کاتی دەسبەسەرکردنیانەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیکردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش بوون.

بەرپرسانی حکوومەتیی پارێزگای ئیلام، لەوانە «ئەسەدوڵڵا چراغی» لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی تەسنیم (سەر بە سپای پاسداران)، دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ئاوداناندا ڕەت کردووەتەوە. هاوکات «ئەمرۆڵڵا میسائی» داواکاری گشتیی ئاودانان لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی میزان (سەر بە دەزگای دادوەری)، هەڕەشەی لە ناڕازییانی ئاودانان کردووە و ڕایگەیاندووە کە بە شێوەیەکی «لێبڕاوانە» ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە بە وتەی ناوبراو «بە نیازی تێکدانی نەزمی گشتی و ورووژاندنی هەستی خەڵک بن».
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە ٢٦ـی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لە ئەنجامی گیانلەدەستدانی ١٣ هاووڵاتیی ئاودانانی لە وەرگەڕانی ئوتوبووسی کارمەندانی پێترۆپالایش، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان لە ئاودانان سەری هەڵدا. سەدان کەس لە هاووڵاتییان بە وتنی دروشم دژی بەرپرسانی حکوومی، بەرانبەر بە سەرنجنەدان بە دۆخی ڕێگاوبانەکان، بێبەشبوونی ژێرخانی پارێزگای ئیلام و بەڕێوەبردنی خراپ ناڕەزایەتییان دەربڕی. هاوکات، بەشێکی گەورەی بازاڕی ئاودانان بە نیشانەی هاوهەنگاوی لەگەڵ ناڕازییان و بنەماڵەی قوربانییاندا دەستی دایە مانگرتن.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، هێزەکانی یەکەی تایبەت لە شاردا جێگیر کران. گردبوونەوەکان تا ئێوارە بەردەوام بوون و ڕاپۆرت لەسەر تێکچوونی بەرچاوی هێڵی ئینتێرنێت و تەقاندنی گازی فرمێسکڕێژ و چەکی ساچمەیی لەلایەن هێزەکانی یەکەی تایبەتەوە بەرەو ناڕازییان بڵاو کرایەوە. سەرچاوەکانی کوردپا هەواڵی برینداربوونی چەندین ناڕازیشیان داوە کە لە ترسی دەسبەسەرکردن، خۆیان لە سەردانیکردنی نەخۆشخانە بواردووە.