٣٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥؛ «هوشیار شەعبانی»، چالاکی مەدەنیی خەڵکی بانە و بەندکراوی سیاسیی پێشوو کە تا ئێستا حەوت جار پێشینەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، دۆسییەسازی، دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای هەبووە، لە دوای پێکهێنانی دۆسییەیەکی ئەمنیی نوێ و پاش زیاتر لە شەش مانگ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، لەلایەن دادگای ئینقلابی بانەوە سزای ٨ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندراوە. پۆشینی جلوبەرگی کوردی، پشتیوانیکردن لە گۆرانییە کوردییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمە فەرهەنگییەکان، جەختکردنەوە لەسەر ناسنامەی کوردی و پشتیوانیکردن لە کەمپەینی «نا بۆ لەسێدارەدان»، بەشێکن لەو نموونانەی کە وەک تۆمەت دژی ئەم چالاکە مەدەنییە خراونەتە ڕوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ «هوشیار شەعبانی» لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی بانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «نەجەفپوور»، بە تۆمەتەکانی «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی پێکهێنانی دەستە و گرووپەوە» سزای ٤ ساڵ بەندکرانی داسەپاو، «کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی» سزای ٤ ساڵ و ٢ مانگ زیندانیی تەعزیری و «پڕوپاگەندە دژی نیزام لە بەرژەوەندیی گرووپ و ڕێکخراوە دژبەرەکان» سزای ٨ مانگ بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندراوە. ئەم سزایە ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ پێی ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، یەکێک لەو نموونە و هۆکارانەی کە دادگا لەسەر بنەمایان سزاکەی دەرکردووە و لەو ڕوونکردنەوانەدا کە بە هوشیار شەعبانی دراون پشتیان پێ بەستراوە، چالاکی و دەرکەوتنی ناوبراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە جلوبەرگی کوردییەوە کە ناوەندە ئەمنییەکان داویانەتە پاڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. تەنانەت بەکارهێنانی ستیکەری کوردی، پشتیوانیکردن لە گۆرانییە حەماسی و کوردییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئەندامبوون و چالاکیکردن لە کەناڵە تێلێگرامییەکان بۆ شەرمەزارکردنی سێدارە و پشتیوانیکردن لە کەمپەینی «نا بۆ لەسێدارەدان»، پشتیوانیکردن لە کۆڵبەران و ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە کوشتنی کۆڵبەران، بەشێکی دیکەن لەو نموونانەی کە وەک تۆمەت دژی ناوبراو باسیان لێوە کراوە. 

هەروەها چالاکییە مەدەنییەکانی ئەم چالاکە کوردە، لەوانە بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمە فەرهەنگی و کولتوورییەکان لە شارە جیاوازەکانی وەک بانە، بۆکان، سەقز و شارەکانی دیکە، یەکێکی دیکە بووە لەو بابەتانەی کە لە ڕاپۆرتی ناوەندە ئەمنییەکاندا ئاماژەیان پێ کراوە. لەم ڕاپۆرتانەدا، بەڕێز شەعبانی وەک کەسێکی کاریگەر و ئاراستەکەر لە ناڕەزایەتییە مەدەنی و سیاسییەکاندا ناوی براوە.

بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە، ئەو تۆمەتانەی دژی هوشیار شەعبانی خراونەتە ڕوو، لەسەر بنەمای ڕاپۆرت و داواکاریی ناوەندە ئەمنییەکان پێشکەش بە دادگا کراون. ئەم چالاکە مەدەنییە تۆمەتەکانی «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی»، «کۆبوونەوە و تەبانی» و «پڕوپاگەندە دژی نیزام»ی ڕەت کردووەتەوە و ئەو نموونانەی باس کراون بە بەشێک لە مافە هاووڵاتی و ناسنامەییەکانی خۆی زانیوە؛ ئەو مافانەی کە بە وتەی ئەو، دەرفەتی بەشداریکردن لە چالاکییە فەرهەنگی و مەدەنییەکان و بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتییانی بۆ دەڕەخسێنن.

بەڕێز شەعبانی نەک هەر بابەتەکانی وەک «قەبووڵکردنی ئاڵای کوردستان»، «پشتیوانیکردن لە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کورد و باوەڕبوون پێی» و «جەختکردنەوە لەسەر ناسنامەی کوردی» بە تۆمەت نەزانیوە، بەڵکوو وەک بەشێک لە ناسنامە و مافەکانی خۆی ناوی بردوون. هەروەها لە دادگادا جەختی لەسەر گرنگیی مێژوو، جلوبەرگ، ژینگە و کوردستان بۆ خۆی کردووەتەوە و بەشداریکردن لە چالاکییە فەرهەنگی و مەدەنییەکانی بە مافی خۆی زانیوە.

خاڵی جێی سەرنج لە دەرکردنی ئەم سزایەدا، پشتبەستنەوەی دووبارەیە بە هەندێک لەو تۆمەتانەی پێشتر دژی «هوشیار شەعبانی» هەبوون، لەوانە پشتیوانیکردن لە کۆڵبەران و پشتیوانیکردن لە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی ١٣٩٦؛ ئەو بابەتانەی کە پێشتریش بەهۆیانەوە ڕووبەڕووی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، دۆسییەسازی و دەرکردن و جێبەجێکردنی سزا ببووەوە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان جارێکی دیکە لە ڕاپۆرتە سەدان لاپەڕەییەکەیاندا دژی ئەم چالاکە مەدەنییە خستوویانەتەوە ڕوو.

هوشیار شەعبانی ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری بانە و بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادگا دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. ناوبراو دوای چەند ڕۆژ ڕاگرتن لە بانە و لە شوێنێکی نادیار، بۆ گرتووخانە و زیندانەکانی سنە و سەقز گوازرایەوە. سەرەنجام ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥، دوای شەش مانگ و سێ ڕۆژ دەسبەسەربوون و تێپەڕاندنی ماوەی دەسبەسەری لە گرتووخانە ئەمنییەکان و زیندانەکانی سنە و سەقز، بە دانانی بارمتەی سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.

هوشیار شەعبانی لە ساڵی ١٣٩٦ـەوە تا ئێستا چەندین جار پێشینەی دەسبەسەرکردن و سزادانی هەبووە و هەمیشە لەژێر گوشار، هەڕەشە و ڕاوەدوونانی ناوەندە ئەمنییەکاندا بووە. ڕاپۆرتی تەواوی پێشینەی دەسبەسەرکردن و سزادانی ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر لەلایەن کوردپاوە بڵاو کراوەتەوە.

هوشیار شەعبانی لە ساڵی ١٣٩٦ەوە تا ئێستا چەندین جار پێشینەی دەسبەسەرکردن و مەحکوومکرانی هەبووە و هەمیشە لەژێر گوشار، هەڕەشە و ڕاوەدوونانی ناوەندە ئەمنییەکاندا بووە. ڕاپۆرتی تەواوی پێشینەی دەسبەسەرکردن و مەحکوومکرانی ناوبراو پێشتر لەلایەن کوردپاوە بڵاو کراوەتەوە.

کورتەیەک لە پێشینەی دەسبەسەرکردن و مەحکوومکرانی هوشیار شەعبانی:

١٤٠٤:

ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٤ هوشیار شەعبانی، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بانە، لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە تەقەی ڕاستەوخۆی لێ کرا و بە بەرکەوتنی سێ گولـلە لە لاقی، بریندار و بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا. ناوبراو بۆ ماوەی ٥٣ ڕۆژ لە گرتنگە ئەمنییەکانی سنە و دواتر لە بەندیخانەی بانە، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕاگیرا و سەرەڕای برینەکانی بەهۆی تەقەکردنەکەوە، لە چارەسەری پزیشکیی گونجاو بێبەش کرا. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا لەم ماوەیەدا سەبارەت بە مەترسیی ئەشکەنجەدان، وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و پێشێلکردنی مافی چارەسەرکردنی ناوبراو هۆشداریی دابوو. ئەو لە کۆتاییدا لە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٤ بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٤٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی بانە ئازاد کرا. پێش دەسبەسەرکردنیشی، لە پووشپەڕی ١٤٠٤ەوە هێزە ئەمنییەکان چەندین جار هێرشیان کردبووە سەر ماڵی خۆی و خزمەکانی و هەڕەشەیان لە ئەندامانی بنەماڵەکەی کردبوو و هەوڵی دەسبەسەرکردنیان دابوو.

١٤٠٢:

لە خەرمانانی ١٤٠٢دا هێزە ئەمنییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی هوشیار شەعبانی دۆسییەیان لە دژی ساز کرد. ناوبراو لە خەزەڵوەری ١٤٠٢دا بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» بانگی دادسەرای گشتی و ئینقلابی بانە کرا. هەروەها لە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٢دا هێزە ئەمنییەکان وێڕای پشکنینی ماڵی باوکی، بۆ ڕادەستکردنی ناوبراو بنەماڵەکەیان خستە ژێر گوشار و هەڕەشەوە.

١٤٠٠ تا ١٤٠١:

هوشیار شەعبانی لە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٠ بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٨١ ڕۆژ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی بانەدا لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوو. ناوبراو بەهۆی ئەشکەنجەوە تووشی خوێنڕێژیی گەدە بوو و لەژێر ڕێوشوێنی ئەمنیدا بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە، بەڵام لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بوو. ئەو لە ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ بە بارمتە ئازاد کرا. دواتر دادگای ئینقلابی سەقز جێگیر لە بانە ناوبراوی بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» بە ساڵێک بەندکرانی داسەپاو سزا دا و لە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان» بێبەری کرا؛ جێبەجێکردنی هەشت مانگ لەم سزایە بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵپەسێردرا و ناوبراو ئەرکدار بە خۆناساندنی دەورەیی بە ئیدارەی ئیتلاعات کرا. لە ١٨ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەسبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی بانە گوازرایەوە.

۱۳۹۶ تا ۱۳۹۸:

هوشیار شەعبانی بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانی، لەوانە پاڵپشتی لە کۆڵبەران و بەشداری لە مانگرتنی کاسبکاران و بازاڕییان، لە ساڵانی ١٣٩٦، ١٣٩٧ و ١٣٩٨ چەندین جار دەسبەسەر، دادگایی و زیندانی کرا. دوایین حاڵەت لە ٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا بوو کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەیەک بێسەروشوێن کرا و بنەماڵەکەی لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی بێئاگا بوون.