۲۳ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان لە بەرەبەرەی چوارەمین ساڵیادی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ئەم بزووتنەوەیەی بە وڵامێکی زیاتر لە ناڕەزایەتی بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و ڕەنگدانەوەی داخوازییە قووڵەکانی کۆمەڵگەی ئێران بۆ ئازادی، یەکسانی، کەرامەتی مرۆڤی و مافی دیاریکردنی چارەنووس زانی. ئەم ئەنجومەنە بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ژنان، مێرمنداڵان و لاوان و پێکهاتنی هاوپشتی لەنێوان گرووپ و ناوچە جیاوازەکاندا، «ژن، ژیان، ئازادی»ی بە دەربڕی ئاسۆیەک بۆ داهاتوویەک لەسەر بنەمای مافی یەکسانی سەرجەم هاوڵاتییان ناودێر کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هەروەها بە ئاماژەدان بە سەرکوتکاریی بەربڵاو، گیانلەدەستدانی ناڕازییان، دەسبەسەرکرانەکان و گوشارەکانی پاش بزووتنەوەکە، جەخت کراوەتەوە کە سەرکوتکردنی داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان نەک هەر کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکوو تێچووی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی زیاتری لێ دەکەوێتەوە. ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان ڕێگەی ڕزگاربوونی لە ڕێکخستنی مەدەنی، گفتوگۆی گشتگیر، قەبووڵکردنی جیاوازییەکان و بەشداریی یەکسانی سەرجەم هاوڵاتییاندا بینیوەتەوە و جەختی لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی ژینا، بەرگری لە کەرامەتی قوربانییان و گۆڕینی داخوازییە ئازادیخوازانەکان بۆ بەرنامەیەکی ڕوون بۆ داهاتوو کردووەتەوە.
دەقی تەواوی بەیاننامەی ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان بەم شێوەیەی خوارەوەیە؛
بەیاننامەی ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی
ئەگەرچی ئەستاندنی گیانی ژینا (مەهسا) ئەمینی کچە سەقزییەکە بەهۆی پۆششێکەوە کە ئەمڕۆ زۆر ئاسایی و باو دەبینرێت، ئەوەندە شۆکهێنەر و تاڵ بوو کە تەنانەت بیرهێنانەوەشی دەتوانێت دڵی میلیۆنان مرۆڤ بێنێتە ئێش، بەڵام بزووتنەوەی ژینا تەنیا وڵامێکی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەم ڕووداوە نەبوو؛ بەڵکوو دەربڕینی ناڕەزایەتییەکی قووڵ بوو کە لە درێژەی دەیان ساڵدا لە توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی فرەچەشنی ئێراندا بیچمی گرتبوو ، و شەهیدبوونی ژینا ئەمینی لە گرتنگەی گەشتی ئێرشاددا، بووە چەخماخەیەک کە بەشێکی بەربڵاو لە کۆمەڵگەی هێنایە مەیدان. سروشت و ڕادەی ناڕەزایەتییەکان سەرەڕای ئەو داخوازییانەی ئاشکرای کرد، دەریخست کە ئیتر ناکرێت تەنیا لە چوارچێوەی ناڕەزایەتیی کاتی یان سنووردار بە ناوچە و پارێزگایەکی تایبەت شیکردنەوەی بۆ بکرێت.
جیاوازیی بزووتنەوەی ژینا لەگەڵ زۆربەی بزووتنەوەکانی پێش خۆی لەوەدا بوو کە ئیتر تەنیا ئاراستەی ناوەند و چاکسازیی پێکهاتەی دەسەڵات نەبوو، بەڵکوو نوێنەرایەتیی داخوازیگەلێکی دەکرد کە لە درێژەی سەد ساڵی ڕابردوودا، لە ئەنجامی ڕوانینی ئەمنی و وتاری ناوەندگەرادا، پەراوێز خرابوون یان لە گۆڕەپانی گشتیدا سڕدرابوونەوە. ئەم بزووتنەوەیە، فرەچەشنیی کۆمەڵگەی ئێرانی بە شێوەیەکی ئاشکرا خستە ڕوو و داوای پێداچوونەوە لە پێناسەی ئێران و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی لەسەر بنەمای مافی یەکسانی سەرجەم هاوڵاتییان و گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە کرد.
دروشمی #ژن #ژیان #ئازادی (#زن #زندگی #آزادی) لەبەر هەمان هۆکار فرەتر لە دروشمێکی ناڕەزایەتی پێشوازیی لێ کرا و بووە کورتکراوەی کۆمەڵە داخوازییەکانی بزووتنەوەکە. «ژنان» ئەگەرچی نیوەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن، بەڵام بەهۆی نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە دەسەڵات، سەرمایە و دەرفەتە کۆمەڵایەتییەکان، لە پێگەیەکی ژێردەست و کەمینەئاسادا جێگایان گرتووە و لەم ڕووەوە بوونە هێمایەک لە خەبات دژی هەڵاواردن و باڵادەستیی جێندەری. «ژیان» دەربڕی داواکاریی کەرامەت، خۆشگوزەرانی، ئاسایش، ئارامی و مافی هەڵبژاردن بوو و «ئازادی» دەربڕی داوای ڕزگاربوونی تاکی و سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگە بوو لە چەوسانەوە، سڕینەوە و سەرکوت. بەستنەوەی ئەم سێ چەمکە، وێنەیەکی نوێی لە داوای بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئێران هێنایە ئاراوە؛ وێنەیەک کە تێیدا ئازادیی تاکی، یەکسانیی کۆمەڵایەتی، کەرامەتی مرۆڤی و مافی دیاریکردنی چارەنووس لە یەکتر دانەبڕاون.
یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەی ژینا، ڕۆڵی بێوێنەی ژنان بوو لە پێکهاتن و بەردەوامییدا. ژنان نە تەنیا یەکێک لە گرووپە ناڕازییەکان، بەڵکوو لە زۆربەی شوێنەکاندا بوونە هێزی بزوێنەری ناڕەزایەتییەکان. بەرخۆدان لە بەرانبەر حیجابی زۆرەملێ و شێوازەکانی تری کۆنتڕۆڵکردنی جەستە و ژیانی ژنان، بووە بەشێک لە بەرخۆدانی مەدەنیی بەربڵاوتر. ئەم وەرچەرخانە دەریخست کە پرسی ژنان لە ئێراندا تەنیا پرسێکی یاسایی یان کولتووری نیست؛ بەڵکوو بەستێنێکی قووڵی بە پێکهاتەی دەسەڵات، یاسا، ئابووری، بنەماڵە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە. لەم ڕوانگەیەوە، خەبات بۆ مافەکانی ژنان بەشێکی دانەبڕاو لە خەبات بۆ دێموکراسی، یەکسانی و ئازادی لە ئێرانە.
ئامادەیی بەربڵاوی مێرمنداڵان و لاوان (کە لە ئەدەبیاتی سیاسی و ڕاگەیاندنی ئەو قۆناغەدا ناوی «نەوەی زێد»یان لێ نرا) هاوڕێ لەگەڵ جۆری ئەو داخوازییانەی خستیانە ڕوو، یەکێکی تر لە تایبەتمەندییە دیارەکانی بزووتنەوەی ژینا بوو. ئەم نەوەیە کە بەشێکی گرنگی ژیان و پەیوەندییەکانی خۆی لە فەزای ئینتێەرنێت، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندی لەگەڵ جیهانی بەربڵاوتردا پێکهێناوە، داوای شێوازی ژیان، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و داهاتوویەکی جیاواز دەکات. زۆربەی ئەوان پێش چوونەژوورەوەی بەربڵاو بۆ گۆڕەپانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، لە ژیانی تاکی و بنەماڵەییشدا لە بەرانبەر پێکهاتە نەریتی و باوکسالارییەکان بەرخۆدانیان کردبوو و بزووتنەوەی ژینا دەرفەتێکی ڕەخساند بۆ دەرکەوتنی ئەم کەلێن و ناڕەزایەتییە لە ئاستی کۆمەڵگەدا. بەم هۆکارە، تەنانەت سەرەڕای سەرکوتی توند، کەلێنی نێوان نەوەی نوێ و پێکهاتەی سیاسی نەک هەر کەمی نەکردووە، بەڵکوو لە زۆربەی بڕگەکاندا ئاشکراتر بووە. بزووتنەوەی ژینا دەریخست کە ژنان، مێرمنداڵان و لاوان دەتوانن/دەیانەوێت لە پێناسەکردنی کارنامەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەبێت و سنوورەکانی ئەوەی پێشتر بە «دژوار» یان «ئەستەم» وێنا دەکرا بگۆڕن.
یەکێکی تر لە لایەنە گرنگەکانی بزووتنەوەی ژینا، دەفرایەتیی لە دروستکردنی هاوپشتی لەنێوان گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان و ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا بوو. دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» ئەگەرچی بە شەهیدبوونی ژینا ئامینی لە کوردستانەوە سەری هەڵدا، بەڵام بەخێرایی بووە دروشمێکی گشتگیر لە سەرانسەری وڵاتدا و هەمووان داخوازییەکانی خۆیان تێیدا بینییەوە. تەنانەت دواتر لە وڵاتانی تردا بووە هاواری خەڵک و ناڕازییان لە بەرانبەر سیاستەکانی دەوڵەتاندا.
بۆیە پرسێک کە بۆ بنەماڵەیەکی کورد لە پایتەختدا هاتە ئاراوە بەهۆی ڕەهەندە جیاوازەکان و پەیوەندی و هاوبەشییانەی لەگەڵ ناوچە و خەڵکی تری ئەم جوغرافیا سەرزەمینەدا هەیبوو، بووە پرسێکی نەتەوەیی و گشتگیر و گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی لە پاڵ یەکتردا دانا.
ئەم ئەزموونە دەریخست کە بەرگری لە مافەکانی ژنان، مافی نەتەوەکان، ئازادییە مەدەنییەکان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەتوانێت نەک لە دژایەتیی یەکتردا، بەڵکوو لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی هاوبەشی دێموکراتیکدا مانای هەبێت و ببێتە هۆی پێکهاتنی جۆرێک لە هاوپشتیی نوێ لەسەر بنەمای بەفەرمی ناسینی جیاوازییەکان و ڕێزگرتن لە مافی یەکسانی سەرجەم بەشەکانی کۆمەڵگە.
بەدڵنیاییەوە لە بەرانبەر هیچ دەستکەوتێکدا ناکرێت و نابێت ئازار و بیرەوەرییە تاڵەکانی ئەو سەردەمە سادە سەیر بکرێت یان لەبیر بکرێت. "گیانلەدەستدانی هەزاران مرۆڤی ناڕازی بەرانبەر بە نادادپەروەری، گرانی و بێکاری"، "دەسبەسەرکردن، دۆسییەسازی و گوشار لەسەر ناڕازییەکانی تر" و "سنووردارکردنی فەزای گشتی و ڕاگەیاندنی وڵات" هم ڕۆح و ڕەوانی کۆمەڵگەی بەتوندی بریندار کرد و هم کەلێنی نێوان داخوازییە ڕەواکانی هاوڵاتییان و ڕێکارە فەرمییەکانی وڵامدانەوەی ڕوونتر کردەوە.
دەرسی گرنگی بزووتنەوەی ژینا ئەوەیە کە بۆ دروستکردنی داهاتوو و دروستکردنی هەرجۆرە وەرچەرخانێکی بەردەوام پێویستمان بە ڕێکخستنی مەدەنی، گفتوگۆی گشتگیر و قەبووڵکردنی فرەچەشنی و جیاوازییەکان هەیە. داهاتووی ئەم وڵاتە ناکرێت لەسەر بنەمای سڕینەوە و سەرکوتکردنی گرووپێک لە کۆمەڵگە بە قازانجی گرووپێکی تر دروست بکرێت، بەڵکوو دەبێت لەسەر بنەمای بەشداریی سەرجەم هاوڵاتییان و دەستەبەرکردنی مافی یەکسانی ئەوان بوەستێت. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەربڕی ئاسۆیەکە بۆ داهاتوو؛ ئاسۆیەک کە تێیدا ئازادی، یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤی ببێ بە مافێکی گشتی. ئەرکی ئەمڕۆی ئێمە پاراستنی دەستکەوتەکانی ئەم بزووتنەوەیە، بەرگری لە ڕاستی و کەرامەتی قوربانییان، بەهێزکردنی هاوپشتیی کۆمەڵایەتی و گۆڕینی داخوازییە ئازادیخوازانەکان بۆ بەرنامەیەکی ڕوون و ئومێدبەخش بۆ داهاتوویە.
#ئەنجومەنی_پیشەییی_مامۆستایانی_کوردستان بە بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا و هاوخەمی لەگەڵ قوربانییانی تردا، لەسەر ئەو بڕوایەیە کە سەرکوتکردنی داخوازییە کۆمەڵایەتییەکان هیچکات کێشەکانی چارەسەر نەکردووە و ناکات بەڵکوو کێشەکان ئاڵۆزتر و تێچووە مرۆیی و مادییەکان زیاتر دەکات. ئەگەر لە بزووتنەوەی ژینادا بە شێوازێکی ژیرانە و مرۆڤانە لەگەڵ داخوازی و ناڕەزایەتییە ڕەواکانی هاوڵاتییاندا مامەڵە کرابایە، ڕەنگە شاهیدی ناڕەزایەتییە خوێناوییەکانی ۱۴۰۴ و دوو جەنگە وێرانکەرەی دوایی نەدەبووین کە وڵات تووشی ئەم قەبارەیە لە مەرگ، تووڕەیی، بێهیوایی، گرانی، زیان و وێرانی ببێتەوە.
ئەنجومەنی پیشەییی مامۆستایانی کوردستان (سەقز و زیویە، مەیوان و سەوڵاوا، سنە)
خەرمانانی ١٤٠٥





