گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری سنە، بوو بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی هەشتەمین خولی هەڵبژاردنی خانەی چاپەمەنیی کوردستان.
لە ئەنجامی دەستێوەردان و گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان، هێندێک لە هێزەکانی سەر بە سپای پاسداران و ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی شاری سنە، هەڵبژاردنی هەشتەمین خولی ئەو ناوەندە چاپەمەنییە هەڵوەشایەوە.
سەرەڕای خۆبەربژیرکردنی ١٩ کەس لە ڕۆژنامەوانان، بە دەستێوەردانی هێزە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان، هەموو بەربژێرەکان لە خۆکاندیدکردن پاشگەز بوونەوە.
سپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعات، وەکوو دوو جەمسەری دەسەڵاتدار لە کوردستان و ئێراندا دەستیان بە سەر هەموو ناوەندە ئەمنییەتی، قەزایی و ئابوورییەکاندا گرتووە؛ چالاکانی سیاسیش لەو بڕوایەدان کە ئەو دوو ناوەندە حکوومەتییە ئەو هەوڵەیان لە ڕاستای هەرچی زیاتر ئەمنیەتیترکردنی کوردستانە.
پاڕێزگای سنە، بە حەشیمەتی ١ میلیۆن و ٤٨٨ هەزار کەس و بە پانتایی ٢٠٣/٢٨ کیلۆمێتری چوارگۆشە لە ڕۆژئاوای ئێران هەڵکەوتووە و لە چاو بڵاوکراوەکانی سەرانسەریی ئێران، لە بواری بڵاوکردنەوەی هەواڵی ڕۆژانە، لە گواستنەوەی هەواڵەکانی ئەو پارێزگایە کەمترین پشکی هەیە.





