ئێوارەی سێشەممە ١٩ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، لاوێکی کورد بە ناوی «زاهیر مەحموودیان» خەڵکی گوندی «شاوانە»ی سەر بە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییە کوردەیان دەسبەسەر کردووە.
بەرەبەیانیی شەممە ٣١ی خاکەلێوەی ١٤٠٤ـیش، زاهیر مەحموودیان بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو و دوای نزیکەی دوو مانگ لێکۆڵینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕوون نەبووەتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان لەمبارەیەوە نەداوە. هەروەها، ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.





