ئاژانسی کوردپا: سێ زیندانیی کورد، لە زیندانی شاری بۆکانەوە بۆ لێپیچینەوە بۆ ورمێ و مەهاباد ڕاگوێزران.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەوتووی ڕابردوو، دوو زیندانیی لە زیندانی شاری بۆکان به ناوەکانی "جەماڵ یووسفی"، خەڵکی گوندی "موشیرئاوا" و "حوسێن ئیبراهیمحەمزه"، کوڕی عەبدوڵڵا، خەڵکی گوندی "قەرەگۆل"، سەر بە شاری بۆکان، بۆ لێپێچینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزران.
ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٥ بە تۆمەتی هاوکاریی و ئەندامەتیی یەکێک لە حیزبه کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە ماوەی دەسبەسەریدا له بوونی پارێزەر بێبەری بوونه.
ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، دوای دوو ساڵ لە دەسبەسەریی، چارەنووسیان هێشتا ناڕوونه.
پێنج ڕۆژ پێشیش، "سەلاح شەریفزاده"، که ماوەی ٦ مانگ بوو، لە زیندانی بۆکاندا بوو، بۆ لێپێچینەوە بۆ دادسەرای مەهاباد ڕاگوێزرابوو و هەنووکەش لە زیندانی مەهاباددایه.
ئەو هاووڵاتییە کوردە، هاوینی ئەمساڵ، بە تۆمەتی "هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبه کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کراوه.





