ئاژانسی کوردپا: ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان ( سەقز و زیویە)، سەبارەت به ڕووداوی ئاگرگرتنی قوتابخانەی کچانەی "ئوسوەی حەسەنە"ی زاهێدان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.
لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: هێشتا ڕووداوە دڵتەزێنەکەی شیناوێ لە بیر نەکراوە، که بەداخەوە هەواڵێكی تاڵ و دڵتەزێنی دیکە لە زاهێدان، خەڵکی ئاگای ئێران و بنەماڵەی گەورەی بەشی پەروەردەی بۆ جارێکی دیکە خەمبار کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ماوەیەک پێش کۆمەڵگای فەرهەنگیی دامەزراوە سێنفییەکان، بەپێی ئەرکی خۆیان وتووێژێکی زۆریان لەسەر ئیمەنکردنەوەی قوتابخانەکانیان هێنایە گۆڕێ و ئاکامی بێخەبەری لەم بابەتانەیان گەیاندە گوێی بەرپرسان. بەڵام بەداخەوە، نەک هەر نەبیسترا بەڵکوو به بیانووگەلی بێبنەما، چالاکانی سینفی و ئەو دڵسۆزانەی کە بەبێ هیچ چاوەڕوانییەک و بەس به هۆی هەست بە بەرپرسایەتییەوە وەها هەڵویستێکیان به ئەرکی خۆیان زانیوە، بانگهێشت و تەنانەت دەسبەسەر کراون و لە جیاتی ئەوەی دەنگیان ببیستن و تووشی ئەم کێشەیە نەبن، هەوڵی سڕینەوەی ئەسڵی دۆزەکەیان داوە. بێخەبەر لەوەی کە ئەم چالاکه سێنفییانه تا سەلماندنی خواستە سێنفی و یاسایییەکانیان دەست لە تێکۆشان هەڵ ناگرن.
ئەنجومەنی سێنفیی مامۆستایانی کوردستان، لە کۆتاییی ئەم ڕاگەیەندراوەدا، سەرەڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییانی ئەم ڕووداوە پڕ ئازارە و هاوکارانی فەرهەنگیی خۆیان و هەروەها هەموو قوتابییەکان، خوازیاری ناسینەوە و سزادانی تاوانبارانی ڕاستەقینەی ئەم ڕووداوە و ڕووداوەکانی وەک ئەوە بوون.
ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی سەرماوەز، قوتابخانەی کچانەی "ئوسوەی حەسەنە" لە زاهێدان، به هۆی ئاگرگرتنی سۆبەی نەوتی سووتا و دوو قوتابی بە ناوەکانی "مۆنا خۆسرەوپەرەست" و "سەبا عەرەبی" به هۆی ڕادەی زۆری سووتان، گیانیان لە دەست دا.
ئاگرگرتنی ئەم قوتابخانەیە، کاردانەوەی توندی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەدواوە بوو و ئەوان لەم کارەساتەدا بەرپرسانی دەوڵەتی بە بەرپرسیار دەزانن.
ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی سەرماوەزیش،" یکتا میرشکار" و " مەریەم نۆکەندی"، دوو کەسی دیکە لە قوتابییانی ئەم قوتابخانەیە بوون، کە گیانیان لە دەست دا.





